رووداو دیجیتاڵ
رۆمان پشتیوان، منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ و نیوی خەڵکی سلێمانییە کە تاقانەی خێزانەکەیەتی. تووشی نەخۆشییەکی دەگمەن و مەترسیدار بووە؛ ئەویش پووکانەوەی ماسوولکەیە.
نەخۆشییەکە نەک هەر رۆمانی لە جووڵە خستووە، بەڵکو ئەگەر لە کاتی خۆیدا چارەسەر وەرنەگرێت، هەڕەشە دەخاتە سەر مانەوەی لە ژیان. تاکە چارەسەریشی دەرزییەکە کە نرخەکەی 3.2 ملیۆن دۆلارە [320 دەفتەر دۆلار].
ئەم تێچووە زۆرە لە توانای دارایی خێزانەکەی رۆمان بەدەرە؛ بەتایبەتی کە باوکی کرێکارە. بەهۆی نەخۆشییەکەشەوە باوکی رۆمان توانای کرێی خانووی نەماوە و ئێستا لەگەڵ هاوژینەکەی لە ماڵی باوکی دەژین.
ئێستا ئەم منداڵە تەنانەت توانای خواردنی ئاسایی نەماوە و تەنیا بە شیر دەژیت، ئەمەش جەستەی زیاتر لاواز کردووە.
دایکی رۆمان: کوڕەکەم ئازار دەچێژێت و خێرخوازان تاکە هیوای ئێمەن
کەژین یاسین، دایکی رۆمان لە بەرنامەی بەرپرسیاری رووداو گوتی: "ساڵێک زیاترە نەخۆشییەکەی رۆمان دەستنیشانکراوە، پێشتر کە دەمانبردە لای پزیشکەکان، دەیانگوت تەنیا ئێسکەنەرمەیەتی و کێشەیەکی ئەوتۆی نییە، بەڵام دواتر دەرکەوت کە ماددەی کیراتین لە جەستەیدا زۆر بەرزە و ماسوولکەکانی دەپووکێنێتەوە."
کەژین یاسین دەڵێت: "ئێستا ژیانمان زۆر زەحمەت بووە؛ رۆمان نە دەتوانێت بە شێوەیەکی ئاسایی دابنیشێت و نە دەتوانێت هەستێتە سەر پێیەکانی. تەنانەت قسەکردنیشی زۆر کەم بووەتەوە و زۆربەی کات لەبەر ئازار دەگریت."
دایکی رۆمان ئاماژە بەوەش دەکات کە نەخۆشییەکە کاریگەریی دەروونیی قورسی لەسەر منداڵەکە دروستکردووە و دەڵێت: "رۆمان کاتێک منداڵێکی دیکە دەبینێت کە بەپێ دەڕوات و یاری دەکات، دەست دەکات بە گریان، چونکە هەست دەکات ئەو ناتوانێت وەک ئەوان بێت."
لەبارەی خەرجییە پزیشکییەکانیشەوە گوتی: "ئێمە مانگانە نزیکەی 600 هەزار دینار تەنیا بۆ چارەسەری سرووشتی خەرج دەکەین، بەڵام ئەمە تەنیا بۆ ئەوەیە ماسوولکەکانی زیاتر رەق نەبن و نەخۆشییەکە کەمێک دوا بخات، ئەگەرنا ئەوە چارەسەری بنەڕەتی نییە."
دایکی رۆمان گوتیشی: "زۆرجار وامان لێهاتووە تەنانەت پارەی ئەو چارەسەرە سرووشتییەشمان پێ نەبووە. سەردانی وەزارەتی تەندروستی و رێکخراوی منداڵپارێزمان کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تێچووی دەرزییەکە زۆرە، کەس نەیتوانیوە هاوکارمان بێت. لێرەوە داوا لە هەموو بەرپرسان و خێرخوازان دەکەم، وەک ئەرکێکی مرۆیی و بە دەستەجەمعی هاوکاریی رۆمان بکەن تاوەکو لە دەستمان نەچێت."
د. ئیبراهیم خەسرەو: تەمەنی رۆمان زۆر گونجاوە بۆ چارەسەر، بەڵام کاتمان لەبەردەمدا نییە
دکتۆر ئیبراهیم خەسرەو جاف، پزیشکی راوێژکاری نەخۆشییەکانی منداڵان کە لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی رۆمانە رایگەیاند: ئەو نەخۆشییەی رۆمان تووشی بووە، پێی دەگوترێت 'پووکانەوەی ماسوولکەی دووشن'.
ئەو پزیشکە دەڵێت: "ئەمە نەخۆشییەکی بۆماوەیی مەترسیدارە. ئەگەر رۆمان ئەم چارەسەرە وەرنەگرێت، ئەگەری زۆرە پێش گەیشتن بە تەمەنی 20 ساڵی بکەوێتە سەر عەرەبانە و نەخۆشییەکە کاریگەریی تووند بکاتە سەر ماسوولکەکانی دڵ و کۆئەندامی هەناسەی، کە ئەوەش مەترسیی مردنی لێدەکەوێتەوە."
ئەو پزیشکە دەڵێت، کات فاکتەرێکی سەرەکییە لە چارەسەری نەخۆشییەکە و گوتی: "خۆشبەختانە ئێستا ماسوولکەکانی رۆمان بەتەواوی نەپووکاونەتەوە و تەمەنی کە لە پێنج ساڵ کەمترە، زۆرترین سوود لەو دەرزییە دەبینێت ئەگەر لێی بدرێت."
دکتۆر ئیبراهیم خەسرەو گوتیشی: "ئەم دەرزییە لە وڵاتە پێشکەوتووەکان تاقیکراوەتەوە و ئەنجامی زۆر باشی هەبووە، بە جۆرێک ئەو منداڵانەی وەریانگرتووە توانیویانە تاوەکو تەمەنی 50 ساڵیش بژین."
گوتیشی: "گرفتەکە تەنیا لە گرانیی نرخەکەیدایە کە لە سەرووی توانای هەر رێکخراو و خێزانێکە. پێویستە حکومەت یان هەڵمەتێکی نیشتمانیی گەورە بۆ ئەم مەبەستە رێکبخرێت، چونکە تاوەکو تەمەنی رۆمان بچێتە سەر، چارەسەرەکە زەحمەتتر دەبێت و کاریگەرییەکەی کەم دەبێتەوە."


