رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، پلەی 729 ئەفسەری سەر بە میلاکی وەزارەتەکە بەرزکرایەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە، 23ی تەممووزی 2026، راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "پاڵپشت بە فەرمانی هەرێمی ژمارە (165) لە رێکەوتی 22ی تەممووزی 2026 و لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، فەرمانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران لە خشتەی مانگی تەممووزی ساڵی 2025 دەرچوو."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەم بڕیارە (729) ئەفسەر لەسەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەگرێتەوە.
لەبارەی وردەکارییە یاساییەکانی بڕیارەکە، وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کردووە، پلەبەرزکردنەوەکە پاڵپشت بە مادەی (10) لە یاسای راژە و خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ئیتیحادی (ژمارە 18ی ساڵی 2011)ی بەرکار لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە.
هەروەها ئەوەش روونکراوەتەوە کە رێکەوتی شایستەبوونی ئەم ئەفسەرانە بۆ پلە نوێیەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ 14ی تەممووزی 2025، و فەرمانەکە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی ناوخۆ پیرۆزبایی لەو ئەفسەرانە کردووە کە پلەکانیان بەرزکراوەتەوە و هیوای سەرکەوتنی زیاتری لە ئەرکەکانیان دا بۆ خواستوون.



