رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر دەڵێت: بڕی ئەو بەنزینە پاڵپشتیکراوەی بۆ پارێزگاکە دابین دەکرێت زیاد کراوە و سبەی لە 55 بەنزینخانەی هەولێر و سۆران بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ سبەی لە شاری هەولێر و سۆران 55 بەنزینخانە بەنزینی 750 دیناری و 850 دیناری دابەش دەکەن، کە بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەتە."
لیستی ئەو بەنزینخانانەی سبەی بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکەن
جەنگی مەجید گوتی: "بڕی ئەو بەنزینەی بۆمان دێت زیادی کردووە، پێشتر رۆژانە 20 تانکەر بەنزینمان بۆ دەهات، بەڵام ئەمڕۆ 50 تانکەرمان بۆ هاتووە."
سەبارەت بە شێوازی دابەشکردنی بەنزینەکە لەنێو شاری هەولێر، جەنگی مەجید دەڵێت: "لەنێو شاری هەولێر 100 بەنزینخانە هەن، سبەی لە 55 بەنزینخانەیان بەنزینەکە دابەش دەکەین، رۆژی دواتریش بۆ ئەو 45 بەنزینخانەیەی دیکە دێت و ئەوانیش بە هەمان نرخ دابەشی دەکەن."
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، لە تەواوی سنووری پارێزگای هەولێر و دەوروبەری 284 بەنزینخانە هەن و هەوڵەکان بۆ ئەوەن بەشێکی زیاتری ئەو بەنزینخانانە بەنزینی پاڵپشتیکراو بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بکەن بۆ ئەوەی بارگرانیی سەر شانیان کەم بێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزیری سامانە سروشتییەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، راپۆرتێکی لەسەر بارودۆخی سووتەمەنی پێشکەش کرد. ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتەکەی راسپارد هەموو رێکارێک بگرنەبەر بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین و رێگریکردن لە هەر بارگرانییەک لەسەر هاووڵاتییان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە 850 دینار، موحەسەن بە 1000 دینار و سوپەریش بە 1200 دینار بفرۆشرێت.
ئەنجوومەنی وەزیران، لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد چاودێریی وردی بازاڕ و بەنزینخانەکان بکەن بۆ پابەندبوون بە نرخە دیاریکراوەکان لەلایەن وەزارەت و پاراستنی کواڵیتیی بەنزین بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان لەبەرچاو بگیرێت.
ئەم بڕیارەی حکومەت دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی سووتەمەنی گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی، بە جۆرێک نرخی لیتری بەنزینی سوپەر 1900 دیناری تێپەڕاند و لیتری نۆرماڵیش گەیشتە 1400 دینار، کە ئەمەش بارگرانییەکی زۆری بۆ هاووڵاتییان دروستکردبوو.



