رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی راگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست دەستیانپێکردووە و لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت. وەزارەتی پەروەدەش دەڵێت، ئاگادارکراونەتەوە کە هەفتەی داهاتوو مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئامادەکارییەکان لەم هەفتەیەدا تەواو دەبن و بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست دەکرێت."
سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی مووچەکانیشیان ئەو سەرچاوەیە گوتی: "بەهۆی هەبوونی کورتهێنانەوە کەمێک دواکەوت، بەڵام رێکارەکان بەرەو کۆتایی دەچن."
پەیمان خواجە، گوتەبێژی وەزارەتی پەوەردە بە رووداوی راگەیاند: "لە دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ئاگادار کراوینەتەوە کە هەفتەی ئایندە دەست دەکرێت بە دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لە داهاتی ناوخۆ."
لە هەرێمی کوردستاندا 86 هەزار و 791 فەرمانبەری گرێبەست هەن، کە نزیکەی 38 هەزاریان مامۆستان و مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.
رۆژی 13-07-2026 لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران بڵاوکرایەوە و لە رۆژی 15-07-2026ـەوە دەست بە دابەشکردنی کرا، کە تێیدا لە ماوەی سێ رۆژدا زۆربەی مووچەخۆران مووچەکانیان وەرگرت، بەڵام مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست بەهۆی کورتهێنانی کاشەوە مووچەکانیان دواکەوت.



