رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، بەشێکی رێگەی سەرەکیی هەولێر-کەرکووک بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی دەروازەی نوێ، لە کاژێر 09:00ی بەیانیی ئەمڕۆوە داخرا؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێ هاونیشتمانییان لەو شوێنە رێگەی کۆنی هەولێر - کەرکووک بەکاربێنن.
هێمن ئەمین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "2.5 کیلۆمەتری رێگەکە نۆژەن دەکرێتەوە و دەروازەیەکی پێشکەوتووی نوێی تێدا دروست دەکرێ."
رێگەکە لە دووڕیانی مورتکەوە تا دووڕیانی قوشتەپە داخراوە. لەبارەی کردنەوەی رێگەکە، هێمن ئەمین گوتی، "دیار نییە کەی رێگەکە دەکرێتەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێ کاتێکی زۆر بخایێنێت."
هێمن ئەمین روونیکردەوە، دوای تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەکەش، بەهۆی کارکردن لەسەر دەروازەکە، رێگەکە لەو شوێنە بە داخراوی دەمێنێتەوە، چونکە "دروستکردنی دەروازەکە کاتی دەوێ."
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر داوای لە شۆفێران کردووە تاوەکو تەواوبوونی پرۆژەکە رێگەی کۆنی هەولێر - کەرکووک بەکاربێنن.
هێمن ئەمین رێگای هەولێر - کەرکووکی بە رێگەیەکی ستراتیجی ناوبرد و رایگەیاند، "یەکێکە لە رێگە گرنگەکان، چونکە هەرێمی کوردستان بە باشوور و نێوەڕاستی عێراقەوە دەبەستێتەوە، ئەمە جگە لەوەی کە رێگەیەکی بازرگانییە و رۆژانە هاتووچۆی هەزاران ئۆتۆمبێل و گواستنەوەی کاڵای بازرگانی لێوە دەکرێ."



