رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی ئەڵمانی قەزای کەلار باوکێک لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا، بە هەڵە بە ئۆتۆمبێلەکەی منداڵێکی خۆی شێلاوە و منداڵەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 21-7-2026 عەقید سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە رووداوی گوت: "باوکێک بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا لاندکرۆزەر بەهەڵە کچەکەی خۆی شێلاوە کە تەمەنی سێ ساڵ بووە.
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد، منداڵەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی کەلار کراوە.
لەبارەی سزای ئەم جۆرە رووداوانە، عەقید سۆران محەممەد غەریب گوتی: "پەڕاوی لێکۆڵینەوەمان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە؛ ئەگەر دایکی منداڵەکە سکاڵا تۆمار نەکات، چونکە بابەتەکە خێزانییە، رەنگە دادوەر سزای گرتنی بۆ بگۆڕێت بە سزایەکی سووکتر."
پۆلیسی گەرمیان روونیکردەوە، "دادوەر پێویستە لەوەش دڵنیا ببێتەوە کە باوکەکە کەمتەرخەمی نەکردووە؛ بۆیە سزاکەی بە گوێرەی بڕیاری دادوەر دەبێ."




