رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری خانەی بەساڵاچووانی هەولێر دەڵێ، خانەکەیان زیاتر لە 80 بەساڵاچووی تێدایە کە بەشێکیان خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 19 تەممووز 2026، سەنگەر جەمال، بەڕێوەبەری خانەی بەساڵاچووانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زیاتر لە 80 کەس لە خانەکەمان وەرگیراون کە خەڵکی کەرکووک، مووسڵ و بەغداشیان تێدایە."
لە خانەکەدا 26 ئافرەت و 44 پیاو وەرگیراون، سەنگەر جەمال گوتی: "بەگوێرەی یاسای عێراقی، مەرجی وەرگرتنی بەساڵاچووان ئەوەیە کە دەبێت تەمەنی پیاو لە 60 ساڵ و ئافرەت لە 55 ساڵ کەمتر نەبێ، مەرجیشە نەخۆشی دەروونی، ئەقڵی و ئایدزی نەبێت، ئەگەر هەبێت دەبێت سەرەتا چارەسەر بکرێن."
بەڕێوەبەری خانەی بەساڵاچووانی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، "زۆربەی بەساڵاچووان کەسوکاریان هەیە، هەندێک کات بەساڵاچووەکان دەچنەوە بۆ سەردان و رێگەیان پێدەدرێ."
گوتیشی: "هەر بەساڵاچوویەک کۆچی دوایی بکات، ئەگەر کەسوکاری نادیاربێ، تەرمەکەی دەبرێتە ساردخانە و شەش مانگ چاوەڕێی کەسوکاری دەبین بۆ ئەوەی وەری بگرنەوە، بەڵام ئەگەر تاوەکو ئەو کاتە هیچ کەسێک نەبوو ئەوکات بەخاک دەسپێردرێ."
لەبارەی هۆکاری چوونی کەسانی بەساڵاچوو بۆ خانەکەش گوتی: "زۆربەی ئەو بەساڵاچووانە خەڵکی هەولێرن، هۆکاری ناردنیشیان زیاتر بەهۆی کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتییە."
ئامادەکردن: سومەیە خدر



