رووداو دیجیتاڵ
دیاریکردنی رەنگی چاکەت و پێڵاو و ناچارکردنی خوێندکاران لە قوتابخانەیەکی کچانی قەزای شارەزوور، ناڕەزایەتی هاونیشتمانییانی لێکەوتەوە. پەروەردەی شارەزووریش رایدەگەیێنێت کە رێگە بە هیچ قوتابخانەیەک نادرێت گوشاری پۆشاک بخاتە سەر خوێندکاران و ناچاریان بکات.
مەحموود ئەحمەد، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی شارەزوور بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، لە قوتابخانەی "بێریڤانی کچان" کارگێڕی قوتابخانەکە داوای کردووە چاکەت و پێڵاوی قوتابییان بە رەنگی نیلی بێت، لە کاتێکدا رێننماییەکانی وەزارەتی پەروەردە تەنیا رەنگی تیشێرت، تەنوورە و پانتۆڵی دیاری کردووە.
لەبارەی ئەم بابەتەوە، مامۆستا نەبیل حەمەساڵح، بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزای شارەزوور بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، بەدواداچوونیان بۆ ئاگادارکردنەوەی ئەو قوتابخانەیە کردووە و بەڕێوەبەرەکەیان ئاگادار کردووەتەوە کە بەپێی نووسراوی وەزارەتی پەروەردە، تەنیا رەنگی تیشێرت و پانتۆڵ یان تەنوورە دیاری کراوە و نابێت خوێندکاران ناچار بە پۆشینی چاکەت یان پێڵاوی رەنگێکی دیاریکراو بکەن.
بەڕێوەبەری پەروەردەی شارەزوور ئاماژەی بەوەش کرد، رێنمایی دراوەتە قوتابخانەکان تاوەکو خوێندکاران سەرپشک بکرێن لە پۆشینی چاکەت بە رەنگەکانی وەک رەش، نیلی یان هەر رەنگێک. هەروەها کاتی پێویستیش دراوە بە خوێندکاران و کەسوکاریان بۆ ئەوەی پابەندی یەکپۆشی ببن.
بەپێی بڕیار و رێننماییەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027)، رەنگی پۆشاکی فەرمی خوێندکاران بەم شێوەیە دیاری کراوە:
•باخچەی منداڵان: تیشێرتی نارنجی لەگەڵ تەنوورە یان پانتۆڵی نیلی بۆ کچان، و تیشێرتی نارنجی لەگەڵ پانتۆڵی نیلی بۆ کوڕان.
•قۆناخی بنەڕەتی (پۆلی 1-6): تیشێرتی مارۆنی لەگەڵ تەنوورە یان پانتۆڵی نیلی بۆ کچان، و تیشێرتی مارۆنی لەگەڵ پانتۆڵی نیلی بۆ کوڕان.
•قۆناخی بنەڕەتی (پۆلی 7-9): تیشێرتی نیلی لەگەڵ تەنوورە یان پانتۆڵی رەساسی بۆ کچان، و تیشێرتی نیلی لەگەڵ پانتۆڵی رەساسی بۆ کوڕان.
•قۆناخی ئامادەیی (پۆلی 10-12): تیشێرتی رەساسی لەگەڵ تەنوورە یان پانتۆڵی رەش بۆ کچان، و تیشێرتی رەساسی لەگەڵ پانتۆڵی رەش بۆ کوڕان.


