رووداو دیجیتاڵ
پێشمەرگەیەکی دێرینی شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵان کە تەمەنی 73 ساڵە، ماوەی نزیکەی دوو ساڵە خانەنشین کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا یەک دینار مووچەی وەرنەگرتووە. فەرماندەیی زێرەڤانیش دەڵێت، مامەڵەکەی لە بەغدایە.
شوکری کەرەم عەبدوڵڵا نێروەیی، کە لە ساڵی 1968ـەوە و لە تەمەنی 16 ساڵییەوە بووەتە پێشمەرگە و 54 ساڵ خزمەتی هەیە، لە تشرینی یەکەمی 2024ـەوە بە پلەی "مفەوەزی پلە یەکی نایاب" لە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی خانەنشین کراوە، بەڵام لەو کاتەوە بێ مووچەیە.
شوکری نێروەیی بۆ رادیۆی رووداو باسی لە مێژووی خزمەتی خۆی کرد و گوتی: "لە ساڵی 1968 لە هێزی باڵەک بوومە پێشمەرگە، لە شۆڕشی گوڵانیشدا لەسەر دەستی ئیدریس بارزانی دەستمان بە خەبات کردەوە و لە شەڕەکاندا دوو جار بریندار بووم. ئێستا کە خانەنشین بووم، کاتێک دەچمە بەشی خانەنشینیی زێرەڤانی، پێم دەڵێن مامەڵەکەت لە بەغدایە و حکومەتی عێراق دوایخستووە."
ئەو پێشمەرگە دێرینە ئاماژە بەوە دەکات کە جگە لە ئەو، نزیکەی 70 پێشمەرگەی دیکەش لە فەرماندەیی زێرەڤانی هەمان کێشەیان هەیە و مووچەی خانەنشینییان پێنەدراوە. شوکری نێروەیی دەڵێت: "لەم ماوەیەدا چاوم لە دەستی منداڵەکانم بووە، ئەگەر ئەوان نەبوونایه بژێوی ژیانم بۆ دابین نەدەبوو."
لەسەر کێشەی ئەو پێشمەرگەیە، فەریق عەزیز وەیسی، فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئەو پێشمەرگەیە با سەردانی بەشی ئیدارەی فەرماندەیی بکات، لەوێ هۆکاری دواکەوتنی مووچەکەی و وردەکاریی مامەڵەکەی پێ دەڵێن."


