سیامەند کەریم
نرخی گۆشتی سوور بەراورد بە مانگی رابردوو لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە. لە هەولێر نرخی گۆشتی سوور بەرزترینە و لە دهۆک هەرزانترین.
لە بازاڕەکانی هەولێر، ئێستا کیلۆیەک گۆشتی بەرخ بە 25 هەزار دینار دەفرۆشرێت، لەکاتێکدا مانگی رابردوو نرخەکە 22 هەزار دینار بوو. هەروەها، نرخی کیلۆیەک گۆشتی نەرمەی گۆلک لە 19 هەزار دینارەوە بووەتە 22 هەزار دینار و گۆشتی بە ئێسکیش لە 16 هەزار دینارەوە بەرزبووەتەوە بۆ 19 هەزار دینار.
محەممەد عەزیز، گۆشتفرۆش لە بازاڕی هەولێر بە رووداوی گوت: زیادکردنی باج و رسوومات لە گومرگەکان هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتە. ئەو ئاماژەی بەوەش دا بەراورد بە مانگی رابردوو، نرخی هەر کیلۆیەک گۆشت نزیکەی 3 هەزار دینار زیادیکردووە.
لە پارێزگای سلێمانیش، کیلۆیەک گۆشتی بەرخ بە 27 هەزار دینارە، گۆشتی نەرمەی گۆلک بە 22 هەزار دینار و گۆشتی بە ئێسک بە 18 هەزار دینار دەفرۆشرێت.
ئاسۆ عومەر، گوتەبێژی گۆشتفرۆشانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی بەرخ لە سلێمانی بەهۆی زیادبوونی خواست و بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوەیە. بە گوتەی ئەو، خواست بۆ گۆشتی بە ئێسک کەمترە و زۆرینەی کڕیاران گۆشتی بەرخ و گۆشتی نەرمە دەکڕن.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، پارێزگای دهۆک جگە لەوەی هەرزانترین نرخی گۆشتی سووری هەیە، لە بواری جلوبەرگ و هەندێک کاڵای خواردنیش هەرزانترین بازاڕی هەیە لە هەرێمی کوردستاندا.
نێچیرڤان محەممەد، گۆشتفرۆشێک لە دهۆک بە رووداوی گوت: هەرزانترین نرخی گۆشت لە دهۆکە، بەجۆرێک کیلۆیەک گۆشتی بەرخ 24 هەزار و نەرمەی گۆلک 20 هەزار، بە ئێسک 16 هەزار دینارە. نرخی هەر کیلۆیەک گۆشتی نەرمە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە نزیکەی 2 هەزار دینار هەرزانترە.


