رووداو دیجیتاڵ نزیکەی 20 فەرمانبەری کرێی رۆژانە لە بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرەی زاخۆ (تاپۆ)، زیاتر لە پێنج مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە. بەڕێوەبەری فەرمانگەکەش دەڵێت: کێشەکەیان لە وەزارەتی داراییە و لە چەند رۆژی داهاتوودا چارەسەر دەبێت. ئەو فەرمانبەرانە دەڵێن دوایین مووچە کە وەریانگرتبێت، مووچەی مانگی شوباتی رابردوو بووە. یەکێک لە فەرمانبەرەکان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئێمە 20 فەرمانبەرین و لە مانگی ئاداری رابردووەوە هیچ مووچەیەکیان پێ نەداوین، لە کاتێکدا فەرمانبەرانی کرێی رۆژانە لە فەرمانگەکانی دیکەی وەک تەندروستی و گەشتوگوزار مووچەکانیان وەرگرتووە." ئەو فەرمانبەرە ئاماژە بە دۆخی نالەباری داراییان دەکات و دەڵێت: "بژێوی ژیانمان خراپە؛ مووچەی مانگانەی ئێمە 350 هەزار دینارە، بەشێکمان کرێنشینین و ناچارین دوای دەوامی فەرمی کارێکی دیکە بکەین بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکانمان." عەگید حەسەن قاسم، بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی زاخۆ بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند: "کێشەی ئەو 20 فەرمانبەرە لەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوودا چارەسەر دەبێت. نووسراو و داواکارییەکەیان چووەتە وەزارەتی دارایی و ئابووری و چاوەڕوانی رەزامەندیی دارایی دەکەین." بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی زاخۆ روونیکردەوە کە مامەڵەی ئەو فەرمانبەرانە بە تەواوی خراوەتە سەر سیستمی ئەلیکترۆنیی بەڕێوەبردنی دارایی (KFMS) و گوتی: "کارەکان بە سیستمی ئەلیکترۆنی رەوانە کراون و ئەوانیش زوو وەڵام دەدەنەوە. راستە هی فەرمانبەرانی ئێمە کەمێک دواکەوت، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە چەند رۆژی داهاتوودا کێشەی هەموویان چارەسەر دەبێت و مووچەکانیان وەردەگرن."
هەواڵە ناوخۆییەکان19-07-2026پێشمەرگەیەکی دێرین دوو ساڵە بێ مووچەیە و زێرەڤانی دەڵێت مامەڵەکەی لە بەغدایە