رووداو دیجیتاڵ
کارکردن لە قۆناخی دووەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر بەردەوامە؛ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژەکە رایدەگەیێنێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا 400 هەزار نەمامی نوێ دەگات و دەست بە رواندنیان دەکرێت، بەمەش کۆی دارە روێندراوەکان ملیۆنێک دار تێدەپەڕێنێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە 08-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر تەواو بووە و نزیکەی 700 هەزار نەمام روێندراون، زۆرینەیان زەیتوون بوون و بەشێکیان پرتەقاڵن".
پڕۆژەکە بە 8 قۆناخ جێبەجێ دەکرێ، پارێزگاری هەولێر گوتی: "کارکردن بە رێکوپێکی لە قۆناخی دووەم بەردەوامە و لە داهاتوویەکی نزیکدا رواندنی نەمامی نوێ دەستپێدەکات".
کاروان مێسکی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە 08-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرقاڵی سیستمی ئاودانین بۆ قۆناخی دووەمی پڕۆژەکە و لە قۆناخی کۆتایی کارەکانداین و هەڵکەندن تەواو کراوە، ئەوەی ماوە دانانی تۆڕی ئاوە پێش رواندنی نەمامەکان".
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژەکە گوتیشی: "بڕیارە هەفتەی داهاتوو نزیکەی 400 هەزار نەمامی دیکە بگاتە دەستمان و لە ماوەی 2 مانگدا کە وەرزی رواندنی دارە، هەموو ئەو دارانە دەڕوێنین".
لەبارەی جۆری دارەکانی قۆناخی دووەمەوە کاروان مێسکی گوتی: "دارەکان هاوشێوەی زۆرینەی ئەوانەی لە قۆناخی یەکەم روێندراون، زۆرینەیان زەیتوون دەبێت".
پڕۆژەکە جیا لە زیادکردنی رێژەی سەوزایی بۆ هەولێر، سوودی زۆر بە ژینگەی شارەکە دەگەیێنێت، بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەی هەولێر بۆ رووداو، تەواوبوونی پڕۆژەکە ئەم سوودانەی دەبێت:
- زیادبوونی رێژەی سەوزایی
- دابەزینی پلەی گەرما
- کەمبوونەوەی بەبیابانبوون لە دەوروبەری هەولێر
- زیادبوونی ئۆکسجین و کەمبوونەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن
- زۆربوونی باڵندە
- سنوورەکە دەبێتە ناوچەیەکی گەشتیاری
- سوودی بۆ ئابووریی هەولێر دەبێت
- کەمبوونەوەی خۆڵبارین
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، 30-10-2025 بەردی بناخەی پشتێنەی سەوزایی هەولێری دانا و رایگەیاند، بە تەواوبوونی "پشتێنەی سەوز و رێڕەوی ژیان"، قۆناخێکی دیکە لە هەولێر دەستپێدەکات و دەبێتە یەکێک لە شارە هەرە گرنگەکانی ناوچەکە.


.jpg&w=3840&q=75)
