رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر دەڵێت، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ نرخی لیترێک بەنزین 50 دینار دابەزیوە. ئاماژە بەوەش دەکات، نرخی گازی ماڵان جێگیرە.
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی تەممووز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ بە کۆ نرخی لیترێک بەنزین 1270 بۆ 1280 دینارە، دوێنێ هەمان بەنزین لیتری بە 1330 دینار بوو."
ئەمڕۆ نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە بەنزینخانەکانی هەولێر بە هەزار و 375 دینار دەفرۆشرێت و لە چەند بەنزینخانەیەک لە دوێنێوە لیتری کراوەتە 1400 دینار.
لە سلێمانی لە 18ی تەممووزەوە نرخی لیترێک بەنزین 100 دیناری دیکەی چووەتەسەر و لیتری بە 1150 دینارە.
لە 6ی حوزەیران نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بۆ هەزار و 175 دینار بەرزبووەوە و رۆژێک دواتر لە سلێمانیش نرخ بەرزبووەوە و گەیشتە هەزار و 50 دینار، لەدوای ئەو رێککەوتەوە تاوەکو ئەمڕۆ نرخی بەرەو بەرزبوونەوە چووە.
نرخی گازی شل جێگیرە
لەگەڵ راگرتنی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی، لە ماوەی دوو رۆژدا نرخی لیترێک گازی ماڵان (LPG) لە 400 دینارەوە گەیشتە 800 دینار.
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر گوتی، "نرخی گاز نەگۆڕاوە و ئەمڕۆش لیتری بە 800 دینار بەردەستە لە بەنزینخانەکاندا".
لەکاتی ئاساییبووەنەوەی دۆخی ناوچەکە، تاوەکو 15ی تەممووز لیترێک گازی شل (LPG) لە بەنزینخانەکان بە 400 دینار بوو، واتا پڕکردنەوەی بوتڵێکی بازرگانیی ماڵان بە نزیکەی نۆ هەزار دینار بوو، ئەمڕۆ بە دەوروبەری 18 هەزار دینارە.
لەکاتی دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە کۆتایی شوباتی ئەم ساڵ کە نزیکەی 40 رۆژی خایاند، نرخی بوتڵێک گازی ماڵان گەیشتە 45 هەزار دینار.
پێنجشەممە 16ی تەممووز، کۆمپانیای دانە گاز رایگەیاند، بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە، بەرهەمهێنانیان لە کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی راگرتووە، کە سەرچاوەی سەرەکیی گازی شل و سووتەمنییە بۆ وێستگەکانی کارەبا.


