رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی هەڵەبجە رایگەیاند، لە رێگەی پسوولەی نەوتەوە، گازی ماڵان دابەشدەکەن، دەشڵێت هەر ماڵێک لە قۆناخی یەکەمدا تەنیا یەک بوتڵ گازی پێ دەدرێت.
ئەمڕۆ 19ـی تەمووزی 2026، سمکۆ سالار، قایمقامی قەزای هەڵەبجە، لەکاتی بەشداریکردنی هەواڵەکانی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی رووداو لە سلێمانی پێشکێشی دەکات لەبارەی کێشەی کەمی گازی ماڵان گوتی، "کێشەی کەمیی گاز تەنیا پەیوەندی بە هەڵەبجەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە چەند هۆکارێکی گشتییەوە، ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و دەستپێکردنەوەی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران و راوەستانی کارەکانی کێڵگەی غازی کۆرمۆر و کەمبوونەوەی ئەو بڕە گازەی لە کەرکووکەوە بۆ پارێزگاکە دەنێردرا، کە لە 20 تۆن گازەوە 15 تەن کەمیکردووە."
بۆ دابینکردنی گازی ماڵان، قایمقامیەتی هەڵەبجە رێکاری ئیداری دەگرێتەبەر و سمکۆ سالار دەڵێت، "بۆ رێگری لە قۆرخکاری و دادپەروەری لە دابەشکردندا، شێوازی دابەشکردنی گازمان گۆڕیوە. پێشتر گاز بەپێی کۆبۆنی خۆراک دابەش دەکرا، بەڵام ئێستا کراوەتە پسوولەی نەوت و بەپێی ئەم سیستەمە، هەر ماڵێک تەنیا یەک بوتڵ گازی پێدەدرێت بۆ ئەوەی زۆرترین خێزان سوودمەند بن."
لەباری نرخی گازی ماڵان، قایمقامی هەڵەبجە دەڵێت، "نرخی فەرمی بوتڵێک گاز 8500 دینارە، چاودێرییەکی وردی بازاڕیش دەکەین بۆ ئەوەی رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخ بکەین."
قایمقامی هەڵەبجە داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە لیژنەیەکی باڵا لەسەر ئاستی وەزارەتەکان پێکبهێنێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە، چونکە ئیدارە خۆجێییەکان بە تەنیا ناتوانن بەسەر کێشە تەکنیکی و سیاسییەکانی بەرهەمهێنانی گازدا زاڵ بن.


