رووداو دیجیتاڵ
قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە بە سیستمی کۆبۆنی خۆراک گازی ماڵان دابەشدەکەن و هەر ماڵێک یەک بوتڵ گازی بە 8500 دینار پێدەدرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی تەممووزی 2026 بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە ئەمڕۆوە پرۆسەی دابەشکردنی گازی ماڵان بە کۆبۆنی خۆراک دەستپێدەکات، هەر ئۆتۆمبێلێکی دابەشکردنی گاز، چووە گەڕەکەکان گاز بەسەر ماڵاندا بەبێ جیاوازی دابەشدەکات، بەڵام کۆبوونی خۆراک وەردەگیرێت و مۆرێک دەدرێت لە کۆبۆنەکە."
لەبارەی نرخی گازی ماڵان بابان ئەحمەد دەڵێت، "نرخی بووتڵی گاز نەگۆڕاوە و بریکارەکانی دابەشکردنی گاز بە 8500 دینار بوتڵێک گاز دەدەنە ماڵان، لەم قۆناخەشدا هەر ماڵێک تەنیا یەک بوتڵ گازی پێ دەدرێت."
لەبارەی ئەو خێزانانەی کۆبۆنی خۆراکیان نییە، یان ماڵیان لەنێو سلێمانییە و کۆبۆنی خۆراکیان لە ناوچەکانی دیکەیە، بابان ئەحمەد دەڵێت، "ئەو خێزانانە دەتوانن سەردانی قایمقامیەتی سلێمانی بکەن، بۆ ئەوەی لەوێ پشتگیرییان بۆ بکرێت." بۆ ئەو خێزانانەشی کە تازە هاوسەگیرییان کردووە، دەڵێت، "دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی خۆراک بکەن بۆ دروستکردنی پسووڵەکانیان."
رۆژی پێنجشەممە 16ـی تەمووزی 2026، کۆمپانیای دانە گاز رایگەیاند، بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە، بەرهەمهێنانیان لە کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی راگرتووە، کە سەرچاوەی سەرەکیی گازی شل و سووتەمەنییە بۆ وێستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان.


