رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبارێکی دەستگیرکرد کە لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی سناپچات و بە بەکارهێنانی "ژیریی دەستکرد" بۆ گۆڕینی دەنگ، فێڵی لە هاونیشتمانییەک کردووە و 17 هەزار دۆلاری لێسەندووە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی راپەڕین تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە بەناوی ئافرەتەوە ئەکاونتێکی ساختەی لە سناپچات دروستکردووە و لەو رێگەیەوە فێڵی لە هاووڵاتییەک کردووە.
لەبارەی وردەکاریی فێڵەکەوە، پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: "تۆمەتبارەکە ژیریی دەستکردی بۆ گۆڕینی دەنگی خۆی بەکارهێناوە و دەنگی خۆی کردووەتە کچ؛ لەو رێگەیەوە پەیوەندیی خۆشەویستیی ساختەی لەگەڵ سکاڵاکار دروستکردووە و 17 هەزار دۆلاری لێسەندووە، پاش وەرگرتنی پارەکەش ئەکاونتەکەی سڕیوەتەوە."
دوای ئەوەی هاونیشتمانییەکە سکاڵای یاسایی تۆمارکرد، مەفرەزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکرد و توانییان تۆمەتبارەکە بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، تۆمەتبارەکە ناوی (د. ت. ا)ـە و تەمەنی 24 ساڵە، لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە. ئێستا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 2 لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.


