رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانەوە، سێ رۆژە بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان کەمیکردووە. لایەنی پەیوەندیدار دەڵێن، ئەوانەی لەنێو پڕۆژەی رووناکیدان رۆژانە بە گوێرەی شارەکان 17 بۆ 20 کاژێر کارەبای نیشتمانیان هەیە، ئەوانەشی لە دەرەوەی پڕۆژەکەن رۆژانە لە 12 بۆ 15 کاژێر کارەبای نیشتمانییان هەیە.
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وێڕای کەمبوونەوەی گازی سرووشتی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان، وەزارەت باشترین رێگەی گرتووەتەبەر بۆ دابەشکردنی ئەو کارەبایەی لە بەردەستدایە".
بەگوێرەی وەزارەتی کارەبا، چاوەڕوانن "لە نزیکترین کات"دۆخی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی ئاسایی بێتەوە و دۆخی کارەباش بگەڕێتەوە ئاستی پێشوو. سەرچاوەکە دەڵێت: "ئەو کارەبایەی بەردەستە بە یەکسانی دابەش دەکرێت".
16ـی تەمموز، وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، بەهۆی هەڕەشەی ئەمنییەوە، بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر راگیراوە و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبای 2500 مێگاوات کەمیکردووە.
سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە، ئەمڕۆ 19-07-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی ئەو دۆخەی دروستبووە، رۆژانە نزیک چوار کاژێر کارەبای نیشتمانی دەبڕێت".
هەروەها سەرچاوەیەکی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو زۆنانەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی کە لەنێو پڕۆژەی رووناکیدان، رۆژانە 18 کاژێر کارەبای نیشتمانییان پێ دەدرێت".
بەگوێرەی کارەبای سلێمانی بۆ رووداو، ئەو ناوچانەی کارەبایان لە دەرەوەی پڕۆژی رووناکیدایە، لەم دۆخەدا رۆژانە بە تێكڕا 12 کاژێر و 30 خولەک کارەبای نیشتمانییان پێدەدرێت.
هەروەها دوو بەرپرسی ئاگادار لە هەولێر بە رووداویان گوت: "لە سەنتەری شاری هەولێر لە 24 کاژێردا لە نێوان 17 بۆ 20 کاژێر کارەبای نیشتمانی دەدرێتە هاوبەشان و لەگەڵ بڕانی کارەبای نیشتمانی موەلیدەکانیش کار دەکەن".
بەگوتەی ئەو بەرپرسە، کارەبای نیشتمانی لە دەوروبەری هەولێر کەمترە و رۆژانە نزیکەی 15 بۆ 16 کاژێر کارەبای نیشتمانییان پێ دەدرێت.
هەروەها حازم محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژانە کارەبای نیشتمانی بەگوێرەی ئەوەی بەردەستە دابەش دەکرێت، دیارنییە چەند کاژێرە، چونکە رۆژ بۆ رۆژ پێدانی کاژێرەکانی کارەبا جیاوازە".
وەزارەتەکانی کارەبا و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، 17ـی تەمموز لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، "تیمێكی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی راسپێردراون بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی دۆخەكە بكەن و بەشێوەیەكی رێكوپێك ئەو بڕە كارەبایەی هەیە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دابەشی بکەن".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تیمێكی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێمی کوردستان بەردەوام چاودێریی دۆخەكە و رێكخستنەوەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی كارەبا دەكەن.
بەگوێرەی بەرپرسانی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، بڕیاردراوە لەکاتی بڕانی کارەبای نیشتمانیدا، راستەوخۆ کار بە موەلیدەکان بکەن و لەم وەرزەدا رێگە نەدەن هاوڵاتییان بێ کارەبابن.


