رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی ئاوی 53 گوندی ئاکرێ، خەلیفان، مێرگەسوور دەکاتەوە، کە پێکهاتووە لە سێ وێستگەی پاڵاوتن و ناردنی ئاو بۆ گوندەکان کە 24 پەمپ و 70 کۆگای ئاویان هەیە.
پڕۆژەکە ناوی "باڵندا - بارزان"ە، ساڵی 2013 بەردی بناخەی دانراوە و پێشتر کارەکانی راگیرابوو، بەڵام ماوەیەک لەمەوبەر کارەکانی دەستیپێکردەوە.
سەرچاوەی ئاوی پڕۆژەکە رووباری گوندی باڵندای سەر بە قەزای مێرگەسوورە و وێستگەی پاڵاوتنی ئاوەکەش لە هەمان گوند دەبێت، توانای هەیە لە کاژێرێکدا 1200 مەتر سێجا ئاو بپاڵێوێت و لە رێگەی بۆرییەوە ئاو دەگاتە 53 گوند.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی کردنەوەی پڕۆژەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، حکومەت بەردەوامە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو ناوچەکان دەکات.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "لە هەوڵداین ئاسایشی ئاوی هەرێمی کوردستان بەهێز بکەین."

