رووداو دیجیتاڵ
قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، لە رێگەی لیژنەکانیانەوە چاودێری بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و پێداویستییەکان لە بازاڕ دەکەن و هەر شوێنێک نرخ بەرزبکاتەوە سزا دەدریت، سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی داوا لە هاونیشتمانییان دەکات لەکاتی بینینی بەرزکردنەوەی نرخدا، لە رێگەی ژمارە تەلەفۆنی 07708677777 پەیوەندییان پێوە بکەن.
ئەمڕۆ 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، لەکاتی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی سلێمانی پێشکێشکی دەکات، بابان ئەحمەد سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخ بەهۆی گۆڕینی بەهای دینار لە بەرامبەر دۆلار گوتی، "بەهۆی دەستکاریکردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، دۆخی بازاڕ شڵەژا و بەهۆیەوە بەشێک لە خاوەنکار و بازرگانەکانی شوێنەکانی فرۆشتنی کەلوپەل، نرخیان بەرزکردەوە، بۆیە تیمەکانمان راسپارد دەستبکەن بە بەدواداچوون بۆ چاودێریکردنی نرخ."
بە گوتەی بابان ئەحمەد، ئەو شوێنانەش کە نرخیان بەرزکردووەتەوە پسووڵەی سەرپێچییان بۆ کراوە، نزیکەی 20 شوێن سزا دراون، ئەو پسووڵانە دەدرێتە لیژنەیەکی باڵا و ئەوان بڕیار لە بڕی ئەو سزا داراییە دەدەن کە بۆ شوێنەکان دەکرێت.
بابان ئەحمەد گوتی، "تیمەکانمان لە سەنتەری شار و ناوچەکانی دەوروبەری شار بەردەوامن لە چاودێری، ئەگەر شوێنەکان، سەرپێچییەکەی لەبارەی بەرزکردنەوەی نرخ دووبارە بکاتەوە، رێکاری دیکەی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و سزا دەدرێت."
بەشێک لە دووکاندار و فرۆشیارەکان دەڵێن، لە رێگەی کۆمپانیا، بریکارەکانەوە، کەلوپەلیان بۆ دابیندەکرێت و دوای فرۆشتنەوە پارەیان لێ وەردەگیرێت، بابان ئەحمەد لەو بارەیەوە دەڵێت، "ئەو بابەتە پەیوەندی بە فرۆشیار و کۆمپانیاکانەوە، ئێمە ئەو کاڵا و کەلوپەلانەی لە کۆگا و دووکانەکاندا دەیبینین و پێشتر هاوردەکراون، دەبێت بە نرخی پێشوو بفرۆشرێت، ئەگەر دووکاندارێک بەو نرخە زیاتر بفرۆشێت ئێمە رێکار دەگرینەبەر."
هەر لەبارەی سزادانی دووکان و شوێنی کارەکانەوە بابان ئەحمەد دەڵێت، "ئەو شوێنانەی سزا دەدرێن، ئەگەر لەماوەیەکی دیاریکراودا بڕی سزاکەیان نەدەن، دووکانەکەی دادەخەین، ئەو دووکاندارانەش کە کەلوپەل دەفرۆشن ئێمە لەکاتی سەردانیکردنیاندا سەیری وەسڵی کڕینی کەلوپەلەکان دەکەین، ئەگەر کەلوپەلیان بە نرخی گرانتر کڕی لەدوای بەرزبوونەوەی دۆلار ئەوکات بە نرخی نوێ کەلوپەل دەفرۆشن."
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی داوا لە هاونیشتمانیان دەکات، لە بەرزبوونەوەی نرخ و هەر سەرپێچییەکی دیکەی تیمەکانیان ئاگادار بکەنەوە، بابان ئەحمەد دەڵێت، "هاونیشتیمانیان دەتوانن لە رێگەی ژمارە تەلەفۆنی 07708677777 ـەوە لە کاتی بینینی بەرزبوونەوەی نرخدا، پەیوەندیمان پێوە بکەن، جگە لەوە هەر سەرپێچییەکی دیکەیان بینی دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن و ئێمەش لە رێگەی لیژنەکانەوە بەدواداچوونی بۆ دەکەین."


.jpg&w=3840&q=75)