رووداو دیجیتاڵ پیاوێک لە سنووری قەزای ئاکرێ، دوای دوو رۆژ لە دیارنەمانی، لەنێو باخەکەی خۆیدا بە مردوویی دۆزرایەوە. تەندروستیی ئاکرێش رایدەگەیێنێت: هۆکاری مردنەکەی هێشتا دیار نییە. پیاوەکە ناوی زیرەک مەحموود رەشیدە و تەمەنی 59 ساڵە، کاژێر 12ـی شەوی رابردوو تەرمەکەی دۆزراوەتەوە. نێچیرڤان هەرکی، گوتەبێژی تەندروستیی ئاکرێ، ئەمڕۆ یەکشەممە 19ـی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زیرەک مەحموود لە ئێوارەی پێنجشەممەوە دیارنەماوە، دوای ئەوەی کچەکەی چەند جارێک پەیوەندیی پێوەدەکات و وەڵام ناداتەوە، بەدوایدا دەگەڕێن، دواتر لە نێو باخەکەیدا بە مردوویی دەیدۆزنەوە." سەبارەت بە هۆکاری مردنی ئەو کەسە، گوتەبێژی تەندروستیی ئاکرێ گوتی: "تەرمی ئەو کەسە دوای دۆزینەوەی، راستەوخۆ گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی گوڵان. بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری مردنەکەی دیار نییە و گومان دەکرێت مار پێوەی دابێت یان جەڵتە لێی دابێت." بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنەکەی، تەرمی زیرەک رەوانەی دادپزیشکیی دهۆک کراوە.
هەواڵە ناوخۆییەکان19-07-2026پێشمەرگەیەکی دێرین دوو ساڵە بێ مووچەیە و زێرەڤانی دەڵێت مامەڵەکەی لە بەغدایە