رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە بە درۆنێک هێرش کراوەتە سەر بارەگای چەمشاری پارتی ئازادیی کوردستان لە نزیک کەمپی دارەشەکران. بەرپرسێکی حیزبەکەش رایگەیاند، 8 پێشمەرگەیان بریندار بوون.
ئەدیب خالدیان، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ئازادیی کوردستان ئەمڕۆ 19ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێرشەکە کاژێر 02:00ی بەرەبەیانیی بووە، بەهۆیەوە 8 پێشمەرگەمان لە سوپای میلـلیی کوردستان بریندار بوون."
سەبارەت بە رەوشی بریندارەکان، ئەدیب خالیدیان گوتی، "برینی چوار لە پێشمەرگەکان قورسە."
ئەم هێزەی رۆژهەڵاتی کوردستان تاوەکو ئێستا چەندینجار لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆردوومان کراون، لە هێرشەکانی پێشوودا دوو پێشمەرگەیان شەهید بوون و 26 پێشمەرگەشیان بریندار بوونە.
ئەدیب خالیدیان گوتی، "بەردەوام درۆنی چاودرێری بەسەر بارەگاکانماندا دەگەڕێن و زانیاری کۆدەکاتەوە."
لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئەمڕۆ 19ـی تەممووز، هەرێمی کوردستان بە نزیکەی 920 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە. لە ئاکامدا 30 شەهید و 148 بریندار هەن کە 82 برینداریان پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن.



