رووداو دیجیتاڵ
بەرگری شارستانیی گەرمیان رایگەیاند، ئەو دەنگەی لە کەلار بیستراوە دەنگی مووشەک و درۆن نەبووە، بەڵام تەقینی تایەی ئۆتۆمبێل بووە لەکاتی سووتانی سێ بارهەڵگردا.
رووداوەکە نزیک کاژێر 02:30ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 19ـی تەمموز لە گەڕەکی شەهیدان لە کەلار روویداوە، بەهۆیەوە سێ بارهەڵگر سووتاون. گوتەبێژی بەرگری شارستانی گەرمیان دەڵێت: "دوو بارهەڵگریش لە سووتان رزگار کراون".
ئیبراهیم محەممەد، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رووداوەکە ئاگرکەوتنەوە بووە و هیچ هێرشێک نەبووە، دەنگە بەرزەکەش تەقینی تایەی بارهەڵگرەکان بووە".
سەبارەت بەهۆکاری ئاگرەکەش، ئیبراهیم محەممەد گوتی: "هۆکاری رووداوەکە ئاشکرا نەبووە، تیمی هاوبەشی ئاسایش و پۆلیسی گەرمیان لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن و بە ئەوان سپێردراوە".
بە گوتەی گوتەبێژی بەرگری شارستانی گەرمیان، رووداوەکە جگە لە زیانی مادی، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.



