رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ کەمبوونەوەی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی، کاتی کارپێکردنی موەلیدە ئەهلییەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە. لە هەولێر نرخی ئەمپێرێک بۆ ماوەیەک جێگیر دەکرێت، بەڵام لە سلێمانی و دهۆک هێشتا نرخەکان دیاری نەکراون.
رۆژی یەکشەممە، 19ـی تەممووزی 2026، خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگاری هەولێر بڕیاردراوە هەر کاتێک کارەبای نیشتمانی ببڕدرێت، موەلیدەکان کار بکەن.
خۆران خۆرانی گوتی: "رۆژانە پێنج بۆ حەوت کاژێر کارەبا دەدەین و لە هەندێک ناوچەی دەرەوەی شار کارەبای موەلیدە دەگاتە نۆ کاژێر."
لەبارەی نرخەکەی، خۆرانی دەڵێت: "نرخی ئەمپێرێکی موەلیدە بۆ 165 کاژێر بە 10 هەزار دینار هەژمار کراوە. هیچ کێشەیەکمان نییە و لە کاتی پێویستدا موەلیدەکان هەڵدەکەین، چونکە بەو نرخە رێککەوتن کراوە و گرانبوونی گازوایل نابێتە گرفت."
لە پارێزگای سلێمانی، دۆخەکە تاوەکو ئێستا جێگیر نییە. عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە رووداوی گوت: "رۆژانە دوو بۆ نۆ کاژێر بەپێی ناوچەکان کارەبا دەدەین، بەڵام هێشتا بڕیار لەسەر نرخی ئەمپێر نەدراوە و بڕیارە سبەی نرخەکە دیاری بکرێت."
عوسمان محەممەد باسی لە گرفتەکانی بەردەم کارەکەیان کرد و گوتی: "گازوایل گران بووە و بە زەحمەت دەست دەکەوێت، پێشتر بە 700 دینار بوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە 900 بۆ 1000 دینار، بۆیە بەشێک لە موەلیدەکان دەستیان بە کار نەکردووەتەوە."
لە پارێزگای دهۆک موەلیدەکان زۆرترین کاژێر کار دەکەن. هەکار هروری، نوێنەری موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە رووداوی راگەیاند: "رۆژانە 10 بۆ 12 کاژێر کارەبای موەلیدە دەدەین؛ هەر کاتێک کارەبا ببڕێت، دەبێت موەلیدەکان هەڵبکرێن."
نوێنەری موەلیدەکانی دهۆک ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی سێ بۆ چوار رۆژی رابردوودا نرخی لیترێک گازوایل لە 750 دینارەوە بۆ 1000 دینار بەرزبووەتەوە. راشیگەیاند: "تاوەکو سەرەتای مانگی داهاتوو نرخی ئەمپێری موەلیدە لە دهۆک دیاری ناکرێت."
کەمبوونەوەی کارەبای هەرێمی کوردستان و کەمیی گازی سروشتی، دوای چڕبوونەوەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دروستبووە، کە بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر راگیراوە.
17ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند: "بۆ دابەشکردنی ئەو بڕە کارەبایەی لە وێستگە جۆراوجۆرەکانی کارەبا بەرهەم دێت، تیمێکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی راسپێردرا بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن و بەشێوەیەکی رێکوپێک ئەو بڕە کارەبایەی هەیە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەش بکرێت."



