رووداو دیجیتاڵ ماوەی 10 ساڵە کێشەیەکی زەوی و زار لە سنووری ناحیەی قەسرۆک لە نێوان بنەماڵەیەکی خاوەن موڵک و جووتیارانی ناوچەکە بەردەوامە؛ کێشەکە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی ژن و پیاوێک و سووتانی 13 خانوو، زیانی 20 ملیۆن دۆلاریشی لە کەرتی کشتوکاڵ داوە. کێشەکە لە کۆمەڵگەی "چڕە"یە و لە نێوان بنەماڵەی "وەردەک" (خاوەن موڵکەکان) و کۆمەڵێک جووتیاری ناوچەکەدایە. سەهوان لوقمان، یەکێک لە خاوەن موڵکەکان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، کێشەکە لە ساڵی 2018ـەوە قووڵتر بووەتەوە. دەڵێت: "بەپێی تاپۆ و نووسراوە فەرمییەکانی بەغدا، زەوییەکان موڵکی ئێمەن، بەڵام بەهۆی جێبەجێنەکردنی بڕیارەکان، پێکدادان دروستبووە و کچی مامێکی من و پیاوێک لە لایەنی جووتیارەکان کوژراون، جگە لە سووتانی 13 خانوو." رووبەری زەوییە کێشەلەسەرەکە چوار هەزار و 212 دۆنمە و نزیکەی 150 خێزان لە هەردوو لایەن تێیدا نیشتەجێن. بەهۆی وەستانی کارکردن لەو زەوییانەدا لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلار زیان بە کەرتی کشتوکاڵی ناوچەکە گەیشتووە. مەهران نێروەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆک بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، حکومەت و ئیدارەی ناوچەکە بەپێی یاسا و رێنماییەکان مامەڵە لەگەڵ بابەتەکە دەکەن و گوتی: "بەپێی نەخشەی کادسترۆی ساڵی 1957، ئەو زەوییە موڵکە و تاپۆی خاوەندارێتییەکەی بە ناوی بنەماڵەیەکە (بنەماڵەی وەردەک)، لە سەردەمی بەعس کرابووە موڵکی وەزارەتی دارایی، بەڵام بەپێی بڕیاری ژمارە 4ـی ساڵی 1999ـی پەرلەمانی کوردستان، موڵکییەتەکە گەڕاوەتەوە بۆ خاوەنەکانیان." سەبارەت بە جووتیارەکانیش، بەڕێوەبەرەکە گوتی: "ئەو جووتیارانە هاووڵاتیی ناوچەکەن و چەندین ساڵە لە کۆمەڵگەی چڕە دەژین و وەکو جووتیار زەوییەکەیان بەکارهێناوە. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، لیژنەیەکی باڵا لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگار پێکهاتووە و پێشنیازێکی 12 خاڵیمان ئامادە کردووە." مەهران نێروەیی وردەکاریی پێشنیازەکەی ئاشکرا کرد و گوتی: "پێشنیازمان کردووە بۆ هەر جووتیارێک 16 دۆنم و نیو زەوی دابین بکرێت لە رێگەی گرێبەستێکی کشتوکاڵی لەگەڵ حکومەت، بە جۆرێک جووتیارەکە رسووماتی رەمزی بداتە حکومەت و حکومەت خۆی پارەکە بداتە خاوەن موڵکەکان، بۆ ئەوەی جووتیارەکە هەست نەکات راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ خاوەن موڵک دەکات و مافیشی پارێزراو بێت." بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆک ئاماژەی بەوە کرد کە خاوەن موڵکەکان بەم پێشنیازە رازی بوون، بەڵام جووتیارەکان داوای نیوەی زەوییەکە دەکەن کە ئەمەش لە رووی یاساییەوە لە دەسەڵاتی ئیدارەی ناوچەکەدا نییە.