رووداو دیجیتاڵ کۆمەڵێک لە خوێندکارانی قۆناخەکانی چوارەم و پێنجەمی کۆلێژی پزیشکیی ددان لە زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی لە هەولێر، گلەیی لە بارودۆخی خوێندنیان دەکەن و دەڵێن، زانکۆکە بارگرانییەکی زۆری دارایی خستووەتە سەر شانیان؛ سەرۆکی زانکۆکەش دەڵێت: "با داواکارییەکی فەرمی پێشکەش بکەن، لێکۆڵینەوە دەکەم." خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی ددان لە رێگەی رادیۆی رووداوەوە دەنگی خۆیان گەیاندە لایەنە پەیوەندیدارەکان و رایانگەیاند، زانکۆکە ناچاریان دەکات لە وانە پراکتیکییەکاندا خۆیان نەخۆش بدۆزنەوە. نوێنەری خوێندکاران گوتی: "زۆربەی نەخۆشەکان دەزانن ئێمە ناچارین، بۆیە پارەی چارەسەرەکان نادەن و ئێمە ناچارین لە گیرفانی خۆمان پارەیان بۆ بدەین." بە گوتەی خوێندکاران، کڕینی کەرەستە و پێداویستییەکانی کلینیک لەسەر ئەرکی خۆیانە و زانکۆ تەنیا ماسک و دەستکێش و بەنج دابین دەکات. ئەو خوێندکارە ئاماژەی بەوە کرد کە: "مانگانە نزیکەی 150 بۆ 200 هەزار دینار خەرج دەکەین، کە دەکاتە نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار دینار لە ساڵێکدا بۆ هەر خوێندکارێک." جگە لە لایەنی دارایی، خوێندکاران گلەیی لە نمرەکانیشیان دەکەن و دەڵێن، لە کاتێکدا لە بەشی پراکتیکی دەرچوون، بەڵام لە تاقیکردنەوەی نووسیندا نمرەی وایان بۆ دانراوە کە بکەون. هەروەها دەڵێن: "کاتێک داوای بینینی دەفتەری تاقیکردنەوە یان چانسی سێیەم دەکەین، رەتدەکرێتەوە و هەڕەشەی فەسڵکردنمان لێدەکرێت." سەرۆکی زانکۆ: با داواکاریی فەرمی بهێنن لەسەر ئەم کێشانە، دکتۆر ئیدریس هادی، سەرۆکی زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی لە هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ئەو پێشتر ئاگاداری ئەو کێشانە نەبووە و هیچ داواکارییەکی فەرمیی پێنەگەیشتووە. دکتۆر ئیدریس هادی گوتی: "با خوێندکاران داواکارییەکی فەرمی بنووسن و رۆژی دووشەممە بۆم بهێنن؛ من لێکۆڵینەوەی ورد لە کێشەکانیان دەکەم و ئەوەی هەقیان بێت بۆیان جێبەجێ دەکەم." خوێندکاران ئاماژە بەوەش دەکەن، ئەگەر خوێندکارێک بخرێتە خولی هاوینە، دەبێت بڕی 350 هەزار دیناری دیکە بە زانکۆ بدات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کرێی ساڵانەی خوێندن لەو زانکۆ ئەهلییانەدا خۆی لە ئاستێکی بەرزدایە.