رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ئینتەرنێتی ستارلینک بە فەرمی مۆڵەتی کارکردنی لە عێراق وەرگرت، لە هەرێمی کوردستانیش ئامادەکاری بۆ کاراکردنی دەکرێت؛ گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنیش دەڵێت، کاریگەری لەسەر کۆمپانیاکانی دیکەی ئینتەرنێت نابێت.
دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، رۆژی شەممە، 18-07-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەسەر داوای کۆمپانیای سپەیس ئێکس، رەشنووسی پێشنیازەکانی شێوازی کارکردنی کۆمپانیاکە نێردراوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی هەڵسەنگاندن؛ هەرکاتێک وەڵام بگەڕێتەوە، دەتوانن دەستبەکار بن."
نرخی ئینتەرنێتی ستارلینک لە جیهاندا تاوەکو رادەیەک وەکو یەکە و مانگانە لە نێوان 55 بۆ 85 دۆلاردایە، ئەمەش بەراورد بە کۆمپانیا ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان گرانترە.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە گوتی: "ستارلینک بۆ بەکارهێنانی تایبەتە و نابێتە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی کۆمپانیاکانی دیکە و هیچ کاریگەرییەکی لەسەریان نابێت، بەڵکو زیاتر گوند و ناوچە دوورەدەستەکان سوودمەند دەبن، چونکە پێویستی بە وایەر نییە و راستەوخۆ لە رێگەی مانگی دەستکردەوەیە."
هەر ئەمڕۆ شەممە، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق رایگەیاند، بە فەرمی مۆڵەتی کارکردنیان بە ستارلینک داوە. دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوە ئامانج لێی "رێکخستنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد و پاراستنی سەروەریی دیجیتاڵیی عێراقە"، هاوکات لەگەڵ پێشکەوتنە جیهانییەکانیشدا دەگونجێت.
ستارلینک پرۆژەیەکی کۆمپانیای "سپەیس ئێکس"ی ئیلۆن مەسکە.
ئینتەرنێتی باو پشت بە کێبڵ دەبەستێت بۆ ئەوەی بگاتە نێو ماڵەکان یان بگاتە تاوەرەکانی پەیوەندی و لەوێوە پەخش بکرێت تاوەکو بەکارهێنەران بە مۆبایل و ئامێرەکانی دیکە وەریبگرن. پێچەوانەی ئەوە، ستارلینک پشت بە کێبڵ نابەستێت. بەڵکو پشت بە تۆڕێکی مانگی دەستکرد دەبەستێت کە لە خولگەی نزمی زەوی جێگیر کراون و ئینتەرنێت بۆ زۆربەی شوێنەکانی جیهان دابین دەکات.


