رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان، گشتاندنێکی چوار خاڵیی ئاراستەی دەزگاکانی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، هەر دەزگایەک پێیەوە پابەند نەبێ لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت.
شەممە 18-07-2026، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری، گشتاندنێکی ئاراستەی کەناڵەکانی راگەیاندن کرد.
بەڕێوەبەرایەتییەکەی وەزارەتی رۆشنبیری رایگەیاند: "هەرێمی کوردستان لەم دۆخە ئەمنییە هەستیارەدا پێویستی بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی هەیە. بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و رێگری لە هەر جۆرە پشێوییەک، گشت کەناڵەکانی میدیای بینراو و بیستراو ئاگادار دەکەینەوە، پێویستە لە کاتی رووماڵکردنی هێرشە درۆنییەکان و رووداوە ئەمنییەکاندا بە تەواوی پابەندی یاسا و رێنماییە بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان بن."
وەزارەتی رۆشنبیری چوار خاڵی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن دیاریکردووە و "جەخت" لە جێبەجێکردنی دەکەن.
خاڵەکان:
- پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی: پابەندبوون بە رێکارە پیشەییەکان بۆ ئەوەی رووماڵی رووداوەکان نەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری و بەدووربوون لە بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە زانیاری، وێنە، یان ڤیدیۆیەکی ناڕاست، کە ببێتە هۆی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتییان.
- پابەندبوون بە وەرگرتنی زانیاری لە سەرچاوە فەرمییەکان.
- پاراستنی سەقامگیری بازاڕ و باری ئابووری: خۆبەدوورگرتن لەو جۆرە رووماڵانەی کە دەبنە هۆی تێکچوونی دۆخی ئابووری، دروستکردنی پشێوی لە بازاڕەکان، یان گرانبوونی نرخەکان، چونکە میدیا بەرپرسە لە نەبوونی ئەو کاریگەرییە نەرێنییانەی کە لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان دروست دەبێت.
- لێپرسینەوەی یاسایی: هەر سەرپێچییەک لەم خاڵانەی سەرەوە و لەو بنەما یاساییانەی لە "رێنمایی ژمارە (1)ـی ساڵی 2014"دا هاتووە، کەناڵەکە رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەکاتەوە و رێکاری پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
لە 15ی ئەم مانگەوە هێرش درۆنی و مووشەکییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان چڕکراونەتەوە، بەجۆرێک لە 24 کاژێری رابردوودا، پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر بە 10 مووشەک و 16 درۆن بۆردوومان کراون.



