رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاژێردا سێ ئاگری گەورە لە سنووری قەرەداخ، زڕگوێز و ئاخجەلەر کۆنترۆڵکراون، کە بوونەتە هۆی سووتانی نزیکەی 800 دۆنم پووش، پاوان و دارستانی سرووشتی، کە 650 دۆنمی بەهۆی هێرشەکانەوە بووە.
پۆلیسی دارستانی سلێمانی رایگەیاند، تیمەکانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت بە هاوکاریی خەڵکی ناوچەکە توانیویانە ئاگرێکی بەرفراوان لە گوندەکانی (زڕگوێز و زڕگوێزەڵە) کۆنترۆڵ بکەن. هۆکاری ئاگرەکە بۆ ئەو هێرشانە دەگەڕێتەوە کە کرانە سەر ناوچەکە و بەهۆیەوە 500 دۆنم پووش و پاوان سووتاون و زیانێکی زۆریش بە دارە سرووشتییەکان گەیشتووە.
هەر بەهۆی هەمان هێرشەوە، ئاگر لە سنووری شاری سوێراوەی قەرەداخ کەوتووەتەوە، کە تێیدا 150 دۆنم پووش و پاوان و دارستانی سرووشتی سووتاون.
لەلایەکی دیکەوە، لە سنووری ناحیەی سەنگاوی سەر بە قەزای چەمچەماڵ، ئاگرێکی دیکە بەهۆی کارکردنی دەڕاسەوە کە خەریکی دروێنە بووە، لە گوندەکانی (مایلە و کانی هەنجیرە) کەوتووەتەوە. تیمەکانی پۆلیسی دارستان توانیویانە ئاگرەکە بکوژێننەوە، بەڵام پێش کۆنترۆڵکردنی 120 دۆنم پووش، پاوان و دەغڵ و دانی جووتیاران سووتاون.



