رووداو دیجیتاڵ پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە کەرکووک بەردەوامە و لینکی نۆرەگرتن بۆ ئەو مەبەستە کارایە؛ سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگاکەش دەڵێت، لە ماوەی سێ رۆژدا 1200 بارهەڵگر گەنم وەردەگیرێن. عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رۆژی شەممە 18-07-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کاژێر 8:00ی بەیانیی ئەمڕۆوە لینکی تۆمارکردنی نۆرە بۆ رادەستکردنی گەنمی جووتیارانی کەرکووک کراوەتەوە. ئەم هەنگاوە بۆ ئەو جووتیارانەیە کە تاوەکو ئێستا کێشەیان لە تۆمارکردن هەبووە یان بەرهەمەکانیان رادەست نەکردووە. سەبارەت بە خشتەی وەرگرتنی گەنمەکە، عەبدوڵڵا میروەیس گوتی: "ئەمڕۆ 200 بارهەڵگر تۆمارکراون و گەنمەکانیان لێوەردەگیرێت، سبەی یەکشەممە 500 بارهەڵگر و رۆژی دووشەممەش 500 بارهەڵگری دیکە وەردەگیرێن و پرۆسەکە بەردەوام دەبێت." تاوەکو ئێستا لە کەرکووک نزیکەی 485 هەزار تۆن گەنم (ناو پلان و دەرەوەی پلان) وەرگیراوە. ئەمەش لەکاتێکدایە نزیکەی 850 تۆن گەنمی جووتیارانی کورد و تورکمان لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵییە و دەبێت لە رێگەی ئەو لینکەوە ناویان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان بە سایلۆ بفرۆشن. لە سایلۆی کەرکووک، وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە دوو جۆر نرخ گەنم لە جووتیاران وەردەگرێت: گەنمی ناو پلانی کشتوکاڵی کە یەک تۆن بە 700 هەزار دینار وەردەگیرێت و گەنمی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی: کە یەک تۆن بە 500 هەزار دینارە. پار نرخی وەرگرتنی یەک تۆن گەنم لەنێوان 800 بۆ 850 هەزار دینار بوو. پێشتر وەزارەتی بازرگانیی عێراق رۆژی 13ی تەممووزی وەک دوایین وادە بۆ وەرگرتنی گەنم دیاری کردبوو، ئەوەش مەترسیی لای جووتیاران دروستکردبوو کە نەتوانن بەرهەمەکانیان بفرۆشن، بەڵام دواتر وادەکە درێژکرایەوە و ئێستا پرۆسەی نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی ئاسانکاریی زیاتری بۆ جووتیاران رەخساندووە.
هەواڵە ناوخۆییەکان18-07-2026وەزارەتی رۆشنبیری بۆ میدیاکان: بۆ رووماڵی بۆردوومانەکان زانیاریی لە سەرچاوە فەرمییەکان وەربگرن