رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای دەربەندیخان، سێ منداڵی خێزانێک تووشی نەخۆشییەکی دەگمەن بوون کە بە (ئێسکی شووشەیی) ناسراوە. نەخۆشییەکە چارەسەری هەمیشەیی نییە؛ دەزگای (حاجی ئیدریس سورچی)ش بەڵێنی لەئەستۆگرتنی تێچووی چارەسەری شەش مانگیان دەدات.
بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە، جەستەی منداڵەکان مادەی کۆلاجین دروست ناکات، ئەمەش وایکردووە ئێسکیان ئەوەندە ناسک بێت بە بچووکترین زەبر یان بەرکەوتن بشکێن.
ئێستا یەکێک لە منداڵەکان 70%ی بیستنی لەدەستداوە و ئەگەر بە زوویی چارەسەری نەکرێ، مەترسیی ئەوەیان لەسەرە بۆ هەمیشە کەمئەندام بن و بکەونە سەر عەرەبانە.
باوکی منداڵەکان فەرمانبەری حکومەتە و دوای چەندین نەشتەرگەری و کڕینی دەرمانی گرانبەها، ئێستا توانای دارایی نەماوە و باری سەرشانی زۆر سەخت بووە، بەتایبەت کە تەنیا یەک دەرزی منداڵەکان دوو مانگ جارێک 250 هەزار دیناری تێدەچێت.
نەخۆشیی ئێسکی شووشەیی نەخۆشییەکی دەگمەنە و لە 20 بۆ 30 هەزار منداڵ، یەک منداڵ تووشی دەبێت.
"شەش مانگە نەخۆشییەکە دەستنیشانکراوە"
چنار حوسێن، دایکی منداڵەکان باسی دۆخی رۆژانەیان دەکات و دەڵێ: "نەخۆشیی منداڵەکانم چارەسەری یەکجاریی نییە و کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر دەروونی ئێمە و ژیانی ئەوانیش داناوە. ئەوان بەهۆی ناسکیی ئێسکیانەوە لە یاری و تێکەڵبوونی منداڵان بێبەشن".
ئەو دایکە دەشڵێت، زۆر درەنگ نەخۆشییەکەیان دەستنیشانکرا؛ پێشتر دکتۆرەکان دەیانگوت تەنیا گەشەیان دواکەوتووە، بەڵام شەش مانگە زانیومانە (ئێسکی شووشەی)یان هەیە."
دایکی منداڵەکان ئاماژە بە تێچووی زۆری چارەسەرەکان دەکات و دەڵێ: "تەنیا پشکنینی هەر منداڵێک 700 دۆلاری تێدەچێت و مانگانە 150 هەزار دینارمان تەنیا بۆ ڤیتامین و پرۆتینی ئەوان دەوێت بۆ ئەو خواردنانەی کە دەبێت بیخۆن".
بە گوتەی چنار حوسێن، لە شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە پێنج هەزار دۆلار قەرزیان کردووە و کوڕەکەی لە 10 مانگی رابردوودا هەشت نەشتەرگەریی بۆ کراوە. دەشڵێت، "منداڵەکانم ناتوانن بچنە قوتابخانەی ئاسایی، دەبێت لە قوتابخانەی گوند بخوێنن کە قەرەباڵخ نییە و بۆ ئەوان باشترە. داوا لە بەرپرسان دەکەم هاوکاریمان بکەن."
"چارەسەری هەمیشەیی بۆ نەخۆشیی ئێسکی شووشەیی نییە"
دکتۆر پشکۆ ئەحمەد، پزیشکی پسپۆڕی شکاوی، لەبارەی لایەنی پزیشکیی نەخۆشییەکە دەڵێ: "هۆکاری نەخۆشیی ئەم سێ منداڵە بۆماوەییە و کێشەکە لە کەمیی دروستبوونی مادەی کۆلاجیندایە لە جەستەیاندا، ئەمەش وایکردووە ئێسک و ماسوولکەکانیان زۆر لاواز بێت".
ئەو پزیشکە دەڵێ، دەستنیشانکردنی ئەم حاڵەتە زۆر زەحمەت بوو، دوای ئەوەی پشکنینمان بۆ دەرەوەی وڵات نارد و لە رێگەی لیژنەیەکی پسپۆڕەوە توانیمان بگەینە ئەو ئەنجامەی کە نەخۆشییەکە ئێسکی شووشەییە."
ئەو پزیشکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو منداڵانە پێویستییان بە چاودێریی بەردەوامی پێنج پزیشکی جیاواز هەیە کە بریتین لە پزیشکەکانی ددان، گوێ، دەروونی، خواردن و چارەسەری سرووشتی و دەڵێت: "نەخۆشییەکە پێنج قۆناخی هەیە و زۆرجار دەگاتە ئیفلیجبوون، تەنانەت ئەگەری کەوتنی ددانەکانیشیان هەیە".
دەشڵێ، دەبێت دایک و باوکیان بەردەوام چاویان لەسەریان بێت، چونکە چارەسەری بنبڕی نەخۆشییەکە تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش نییە."
"تێچووی شەش مانگ چارەسەری منداڵەکان دابین دەکەین"
دوای بڵاوبوونەوەی چیرۆکی ئەم خێزانە، دەزگای خێرخوازیی حاجی ئیدریس سورچی هاتە سەر هێڵ. بەهێز سابیر، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە دەزگاکە رایگەیاند: "ئێمە بڕیارمانداوە هاوکاریی ئەم خێزانە بکەین و تێچووی تەواوی چارەسەری شەش مانگی هەر سێ منداڵەکە دابین دەکەین. ئامانجمان ئەوەیە هاوکار بین لە باشتربوونی دۆخی تەندروستییان."
بەهێز سابیر ئاماژەی بەوەش کرد، تیمی تایبەتی چاودێری و بەدواداچوون دەنێرنە لای خێزانەکە و دەشڵێت: "ئەگەر پێویست بکات، ئامادەین دوای ئەو شەش مانگەش بەردەوام بین لە هاوکاریکردنیان بۆ ئەوەی منداڵەکان ژیانێکی شایستەتر بژین."
.jpg&w=3840&q=75)

