رووداو دیجیتاڵ
لە دوێنیوە بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر راگیراوە. بەرپرسێکی نەوت و کانزاکانی هەولێر دەڵێت، گازی شل (LPG)ی کۆگەکراو هەیە. هەروەها هۆشداری دەدەنە کارگەکانی گاز.
بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بە کارگەکانی گازی ماڵان دەڵێت، "رێپێدراون بە پڕکردنی گاز تەنیا بۆ بریکارەکانی حکومی تابلۆی (زەرد) و لەگەڵ بارهەڵگرەکانی تابلۆی (شین) کە کۆد بۆ تابلۆکانیان لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر دانراوە، بە پێچەوانەوە هیچ بارهەڵگرێکی دیکە رێگەپێدراو نییە لە کارگەکان گازیان بۆ بار بکرێت".
لە هەمان راگەیێندراودا بەڕێوەبەرایەتییەکە رایگەیاندووە: "ئاگاداری گشت گۆڕەپانەکانی فرۆشتنی گاز دەکەینەوە، جگە لە بارهەڵگرانی تابلۆی (شین) کە کۆدی بەڕێوەبەرایەتیمانیان هەیە، نابێت گاز بدەنە هیچ بارهەڵگرێکی دیکە، بە پێچەوانەوە تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبن".
سالار محەممەد، لێپرسراوی لیژنەی پشکنین لە نەوت و کانزاکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەشی پێویست گازی کۆکراوەمان هەیە لە کۆگەکانمان و هیچ پێویست بە دڵەڕاوکێ ناکات".
بەهۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، لە دوێنێوە نرخی گازی شل بۆ 600 دینار بۆ یەک لیتر بەرزبووەتەوە، شەوی رابردوو بەشێک لە هاونیشتمانیان لە بەردەم بەنزیخانەکان بە بتڵەکانیانەوە نۆرەیان گرت.
دوێنێ پێنجشەممە، کۆمپانیای دانە گاز رایگەیاند، بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە، بەرهەمهێنانیان لە کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی راگرتووە، کە سەرچاوەی سەرەکیی گازی شل و سووتەمنییە بۆ وێستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان.
.jpeg&w=3840&q=75)

