رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێکی تۆڕی میدیایی رووداو لەسەر ژیانی سەختی دوو برای بێسەرپەرشت لە قەزای سەیدسادق، شەپۆلێکی فراوانی هاوکاری لەلایەن لایەنە حکومییەکان، رێکخراوە خێرخوازییەکان و کەسایەتییەکانەوە بۆ بەهاناوەچوونیان دەستیپێکرد، لەوانەش دابینکردنی خانوو، خستنەوەبەری خوێندن و دابینکردنی هەلی کار بۆ باوکیان لە زینداندا.
رۆژی دووشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لەگەڵ دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان قسەم کردووە، هەر لە سەیدسادق خانوویەکیان بۆ دەکڕین و منداڵەکانیش دەخەینەوە بەر خوێندن".
دەزگەی خێرخوازیی بارزانییش راگەیاند، خانوویەکی نوێ بە تەواوی کەلوپەل و پێداویستییەکانی نێوماڵەوە بۆ ئەو دوو منداڵە دابین دەکات.
هەروەها حاجی کاروان، کەسایەتیی خێرخوازیش بڵاویکردەوە، راستەوخۆ سەردانی دوو منداڵەکە دەکەن و هەموو هاوکارییەکی پێویستیان پێشکەش دەکەن.
باوکی ئەو دوو منداڵە لە زیندانی سلێمانییە. چاکسازیی گەورانی سلێمانی رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی بڕیاریداوە باوکی منداڵەکان لەناو زینداندا بخاتە سەر کار، تاوەکو بە داهاتی کارەکەی بتوانێت بژێویی منداڵەکانی دابین بکات.
ئەم هەڵوێستانە دوای ئەوە هات کە ئەمڕۆ تۆڕی میدیایی رووداو لە بەدواداچوونێکدا چیرۆکی ئەو دوو منداڵەی لە قەزای سەیدسادق بڵاوکردەوە، کە بەهۆی زیندانیکردنی باوکیان و جیابوونەوەی دایکیان بە تەنیا بێسەرپەرشت مابوونەوە.
منداڵە گەورەکەیان کە تەمەنی تەنیا 15 ساڵە، ناچار بووە واز لە خوێندن بهێنێت و رۆژانە بە پێنج هەزار دینار کار بکات بۆ ئەوەی بژێویی ژیانی خۆی و برا بچووکە حەوت ساڵانەکەی دابین بکات، هاوکات بەهۆی نەبوونی داهاتەوە ماوەی چوار مانگ بوو نەیانتوانیبوو کرێی خانووەکەیان بدەن.
راپۆرتەکەی رووداو کاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا و لە دەستپێشخەرییەکی خێرادا، بڕیاردرا بە کڕینی خانوویەک بۆیان لە سەیدسادق و گەڕاندنەوەی منداڵەکان بۆ هۆڵەکانی خوێندن.


