رووداو دیجیتاڵ لەسەر رێگەی کەسنەزان لە هەولێر ژنێک بە ناوی بەفرین محەممەد و سێ کچ و کوڕێکی لە سنووری ئیدارەی راپەڕینەوە هاتووەتە شارەکە، ئێستا خۆی و سێ کچە نەخۆشەکەی لەناو خێمەیەکدان، کوڕ و هاوژینەکەشی بێسەروشوێنن. زیاتر لە مانگێکە هاوژینەکەی بەفرین محەممەد کە نەخۆش بووە، بێسەروشوێنە و دوایین جار بە خێزانەکەی گوتووە دەچێت بۆ کار، چەند رۆژێکیشە دوای هاتنی بۆ هەولێر، کوڕە 18 ساڵانەکەی بێسەروشوێنە و خاوەن پێداویستیی تایبەتە. بەفرین محەممەد دەڵێت، خۆی و هەرسێ کچەکەی نەخۆشن و توانای دارایی نییە بچێتە نەخۆشخانە. "بە کۆکردنەوەی قوتوو بژێوی پەیدا دەکەم و هاوژینەکەم دەیویست گورچیلەی بفرۆشێت" بەفرین محەممەد، هاونیشتمانییەکی خەڵکی ئیدارەی راپەڕینە و ئێستا نیشتەجێی هەولێرە، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە رێبوار عەلی پێشکێشی دەکات باسی لە دۆخی خۆی کرد و گوتی: "من لە سنووری ئیدارەی راپەڕینەوە بەهۆی خراپیی گوزەرانمەوە هاتوومەتە هەولێر، ئێستا سێ منداڵم لەگەڵە و دۆخمان زۆر خراپە، پێنج رۆژە بەهۆی نەدانی کرێی خانوو، خاوەن ماڵەکەم دەریکردووم و لەناو خێمەیەکدا دەژین." ئەو ژنە ئاماژەی بەوە کرد تەندروستیی خۆی بەرەو خراپی دەڕوات و پێشتر کاری دەکرد، بەڵام ئێستا ناتوانێت. ئەو دەڵێت: "نەخۆشم و [ئێستا] بە کۆکردنەوەی قوتووی بەتاڵ بژێوی خێزانەکەم پەیدا دەکەم. خزم و کەسوکارەکەم لێمان بێزار بوون و ناتوانن هاوکاریم بکەن، ئێستا هیچ شوێنێکم نییە بۆی بچم و ئەگەر رۆژانە خەڵکی خێرخواز خواردنمان بۆ نەهێنن، بە برسێتی دەمێنینەوە." بەفرین محەممەد لەبارەی دۆخی منداڵەکانی گوتی: "سێ کچەکەم نەخۆشن و یەکێکیان کەمخوێنییەکی توندی هەیە. توانام نییە خۆم و کچەکانم بچینە نەخۆشخانە. منداڵەکانم بەهۆی ئەم هەژاری و ئاوارەیی و کرێنشینییەوە، تەنانەت نەچوونەتە قوتابخانەش و لە خوێندن بێبەش بوون." سەبارەت بە هاوژینەکەی کە زیاتر لە مانگێکە بێسەروشوێنە، بەفرین دەڵێت: "هاوژینەکەم دۆخی زۆر خراپ بوو، نەخۆشیی دڵی هەبوو و نەیدەتوانی کار بکات، پێشتر دوو جار جەڵتە لێی دابوو." ئەو ژنە دەڵێت: "پێش ئەوەی [هاوژینەکەم] بڕوات و مۆبایلەکەی دابخات، چەندین جار پێی دەگوتم ئەگەر نەهێڵی گورچیلەم بفرۆشم بۆ دانەوەی قەرزەکان، لێت جیا دەبمەوە. دواجار گوتی دەچمە سەر کار و چیدیکە نەگەڕایەوە." بەفرین محەممەد لەبارەی کوڕە 18 ساڵانەکەشیەوە کە ئەویش رۆژێکە بێسەروشوێنە گوتی: "کوڕەکەم کەمئەندامە و یەکێک لە گوێچکەکانی توانای بیستنی نییە." ئەو دەڵێت: "کوڕەکەی لە دەرەوە گاڵتەی زۆری پێ دەکرا و بەو هۆیەوە چەندین جار چووینەتە دادگە. ئەویش بەهۆی بێحاڵی و نەبوونییەوە ئێمەی جێهێشت و رۆیشت. بۆ چارەسەری ئەو لانیکەم پێویستمان بە 40 هەزار دۆلارە." بەفرین باسی لە قەرزەکانیشی کرد و گوتی: "خاوەن قەرزەکان بەردەوام داوای پارەکەیان دەکەنەوە. ئێمە زیاتر لە 10 هەزار دۆلار قەرزی خەڵکمان لەسەرە، نزیکەی 20 هەزار دۆلاری دیکەش قەرزی پزیشک و دەرمانمان لایە. تەنانەت حەوت ملیۆن دیناری ئاو و کارەبای ئەو خانووەی پێشووشمان لەسەر ماوەتەوە. من ئاسایشم لە ونبوونی هاوژینەکەم ئاگادارکردووەتەوە و ئامادەم هەموو نووسراوێکی دادگە لەو بارەیەوە پێشکەش بکەم." "ناهێڵین لەسەر شەقام بمێننەوە و سەرەتا چارەسەری کاتییان بۆ دەکەین" لە بەرامبەردا، شێخ محەممەد گەزنەیی، بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە هەولێر، لە رێگەی بەرنامەی بەرپرسیارەوە بەڵێنی بەدواداچوونی خێرای دا و رایگەیاند: "من خۆم راستەوخۆ سەردانی بەفرین محەممەدم کردووە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخەکەیان بم." شێخ محەممەد گوتی: "ئێستا لەگەڵ ئیدارەی راپەڕین و بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتی ئەو دەڤەرە بە نووسراوی فەرمی لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی دۆخی ئەم خێزانە یەکلا بکەینەوە." گەزنەیی ئاماژەی بەوە کرد جارێ زانیاریی تەواو و بەڵگەنامەی پێویستیان لەسەر دۆخی خێزانەکە لەبەردەست نییە، بەڵام گوتی: "بەدواداچوونی ورد بۆ دۆخەکە دەکەین." ئەو بەرپرسە گوتیشی: "تاوەکو زانیاریی فەرمی و پێویست کۆدەکەینەوە، چارەسەری کاتی بۆ ئەم خێزانە دەکەین. بۆ ئەوەی بتوانین هاوکاریی یاسایی و دارایی بکەین، پێویستە نووسراوی فەرمی ونبوونی هاوژینەکەی لە دادگەوە بخرێتە بەردەستمان." بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە هەولێر باسی لە هەنگاوەکانیش کرد و گوتی: "وەکو هەنگاوی یەکەم، ئێمە ناهێڵین ئەم خێزانە لەسەر شەقام و لەژێر خێمەدا بمێننەوە. خواردن و پێداویستییە سەرەتاییە بەپەلەکان بۆ بەفرین [محەممەد] و کچەکانی دابین دەکەین. ئەگەر پێویستیش بکات، پارێزەری بۆ دابین دەکەین و لە کەرتی تەندروستیی ئەهلیشدا بۆ چارەسەری کچەکانی هاوکاری دەکەین." شێخ محەممەد گەزنەیی بەڵێنی دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی پێدان و رایگەیاند: "دوای دڵنیابوونەوە لە دۆسیەکەیان، بەپێی خواستی خێزانەکە خۆیان، چ لە هەولێر بێت یان لە رانیە، خانووی گونجاویان بۆ دابین دەکەین و کرێکەی دەدەین." بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە هەولێر گوتیشی، "هەروەها لەگەڵ رێکخراوە خێرخوازییەکانیش لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی هاوکاری داراییان پێشکەش بکرێت." سەبارەت بە دابینکردنی مووچەی مانگانەی چاودێریی کۆمەڵایەتی بۆ ئەم خێزانە، گەزنەیی دەڵێت: "بەداخەوە بەهۆی نەبوونی بودجە لە بەغداوە، ناتوانین لەم کاتەدا مووچەی فەرمی بۆ ئەم خێزانە دابین بکەین. ئەمە لەکاتێکدایە بۆ خێزانی هاوشێوە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق مووچەی مانگانە دابین دەکرێت، بەڵام دابینکردنی ئەم مووچەیە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە و پەیوەستە بە بەغداوە."
هەواڵە ناوخۆییەکان16-07-2026کرێچییەک لە پیرزین: یەک ملیۆن دینار قەرزی کارەبام بۆ هاتووەتەوە و هەڕەشەی بڕینی کارەباکەم لێدەکەن
هەواڵە ناوخۆییەکان16-07-2026سایلۆکانی دهۆک: بەغدا وادەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی تاوەکو ئێوارەی هەینی درێژکردەوە