رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران رایگەیاند لە دوێنێوە هاتنی زیارەتکاران بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی چلەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا ، لە رێگەی دەروازەکەیانەوە دەستیپێکردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 16ـی تەممووزی 2026، سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دوێنێوە هاتنی زیارەتکاران لە دەروازەکەمان دەستی پێکردووە و بەردەوام دەبێت. هەموو ئامادەکارییەکان کراون تاوەکو بە باشترین شێوە لە دەروازەکەمان پێشوازی لە زیارەتکاران بکرێت."
گوتەبێژی دەروازەی حاجی ئۆمەران گوتیشی: "لیژنەیەک پێکهێندراوە کە پەیوەستن بە بەڕێوەبردن و رێکخستنی کارەکان، ئەمەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و پارێزگاری هەولێر کراوە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە بێ گرفت بەڕێوەبچێت."
بەگوتەی سیروان حوسێن، پێشبینی دەکەن لە دوای 20ـی تەممووز هاتنی زیارەتکاران بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
پێشتر، بەرپرسێکی باڵا لە سنووری دەروازەی باشماخ، بە رووداوی گوتبوو: "هاوشێوەی ساڵانی پێشوو هەموو ئامادەکارییەک لە دەروازەکەمان کراوە و بڕیارە هاتنی زیارەتکاران لە 17 و 18ـی ئەم مانگە دەستپێبکات."
ساڵانی رابردوو لە پێشوازی زیارەتکاراندا لە سنووری هەردوو دەروازەکەی هەرێمی کورستانەوە تاوەکو بەڕێکەوتنیان بۆ کەربەلا، پاس، ئامێری فێنککەرەوە، ئاو، شەربەت، خواردن و ئامبوڵانس بێ بەرامبەر ئامادە کرابوون و بەگوێرەی دەروازەکان، ئەم ساڵیش ئەو خزمەتگوزارییانەیان بۆ دابین دەکرێت.
ساڵی 2024 نزیکەی 200 هەزار زیارەتکار لە دەروازەکانی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر و باشماخ لە پارێزگای سلێمانییەوە چوونە کەربەلا، پاریش زیاتر لە 100 هەزار زیارەتکار.
چلەی ئیمامی حوسێن لای شیعەکان بایەخی زۆری پێدەدرێت و پار کەوتە 14ـی مانگی ئابەوە، ئەم ساڵیش دەکەوێتە 4 بۆ 5 ئاب.




