رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەشی زۆری پاڵاوگە و کارگە نایاساییەکان داخراون و بەشێکیشیان بەردەوامن لە کارکردن.
بەگوێرەی ئاماری دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، 153 پاڵاوگەی نایاسایی لە هەرێمی کوردستان هەن، 139 لە هەولێر و 14 لە دهۆک؛ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە پاڵاوگەی نایاسایی نییە، بەڵام گۆڕەپانی گواستنەوەی سووتەمەنی هەیە.
د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە هەرێمی کوردستان تەنیا سێ پاڵاوگەی یاسایی هەن، کار، لاناز و قەیوان، ئەوانی دیکە مۆڵەتی یاساییان نییە".
یەکێک لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی پاڵاوگە نایاساییەکان پیسکردنی ژینگەی شارەکانە. گوتەبێژی دەستەی ژینگە گوتی: "لە 139 پاڵاوگەی هەولێر پێشتر 85 یان داخراون، ئەوانەشی ماونەتەوە ئەگەر کاربکەن گوشاریان خراوەتەسەر کە رێنماییەکانی دەستەی ژینگە و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن".
بە گوتەی د. سەنعان عەبدوڵڵا، "هێشتا کارگەی بێ مۆڵەت هەن لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک کاردەکەن".
لەبارەی کواڵێتی هەوای شارەکانەوە، گوتەبێژی دەستەی ژینگە گوتی: "هەوای هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک ناتەندروست نییە و لە ئاستی مامناوەند دایە".
گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان گوتی: "پاراستنی ژینگەی کوردستان تەنیا بە پاڵاوگەکان ناکرێ و هۆشیاری تاک زۆر پێویست بۆ خاوێنڕاگرتنی ژینگە؛ هەروەها کوژاندنەوەی یەکجاریی موەلیدەکان و پابەندکردنی کارگەکان بە جێبەجێکردنی رێنماییەکان دەبنە هاوکارێکی باش بۆ خاوێنکردنەوەی تەواوی ژینگەی هەرێمی کوردستان".
بەگوێرەی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، رۆژانە 7000 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە؛ زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێر کۆدەکرێتەوە، پاشان پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە.
هەروەها لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا، 3689 موەلیدە کوژێندراونەتەوە، ئەمەش واتە کەمبوونەوەی 690 تۆن گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆنی رۆژانە لە هەوادا.
لە راپۆرتەکانی دەستەی ژینگەدا هاتووە، "بەهۆی پرۆژە ژینگەییەکانەوە، رێژەی سەوزایی لە 15%ـەوە بۆ نزیکەی 20%بەرز بووەتەوە".



