رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی راپەڕین هۆشداری لە پەککەوتنی پڕۆسەی دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە دەدات؛ بەڕێوەبەری فەرمانگەکەش دەڵێت، بەهۆی کەمیی میلاکەوە لە چەندین گەڕەک، هاونیشتمانییان خۆبەخشانە یان لەسەر ئەرکی خۆیان کەسیان بۆ ئیشپێکردنی بیرەکان داناوە.
ئەندازیار سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "تەنیا پار و ئەم ساڵ 69 فەرمانبەرمان خانەنشین بوون کە میراو بوون. کێشەکە تەنیا ئەم دوو ساڵە نییە، بەڵکو لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا بە کۆی گشتی سەروو 250 فەرمانبەرمان خانەنشین بوون بێ ئەوەی کەس لە شوێنیان دابمەزرێندرێت."
بەهۆی کەمیی میلاکەوە، ئەرکی سەر شانی میراوەکانی ئێستا زۆر گران بووە. سەلام عومەر ئاماژەی بەوە کرد، جاران میراوێک سەرپەرشتیی 2 بیری کردووە، بەڵام ئێستا ناچارە 3 بیر بەکاربخات و رۆژانە 20 قوفڵی ئاو بکاتەوە. ئەو دەڵێت: "میراومان هەیە لە شەو و رۆژێکدا 15 کاژێر دەوام دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە مووچەی میراو و ئیشپێکەری بیرەکان تەنیا 350,000 دینارە."
بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین ئاماژەی بەوەدا لە چەندین گەڕەکی حاجیاوا، رانیە، چوارقوڕنە و سەنگەسەر، خەڵک خۆیان بە خۆبەخشی ئیش بە بیرەکان دەکەن، یان خەڵکی گەڕەک ناچار بوون لەسەر ئەرکی خۆیان کەسێک بە کرێ بگرن بۆ ئەوەی بیرەکەیان بۆ پێبکات تاوەکو بێ ئاو نەمێنن.
سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، سەلام عومەر گوتی، "چەندین جار نووسراومان بۆ وەزارەتی شارەوانی کردووە، بەڵام دەڵێن دامەزراندن راوەستاوە. ئێستا نووسراومان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزکردووەتەوە، چونکە ساڵی داهاتووش کۆمەڵێکی دیکە لە فەرمانبەرانمان خانەنشین دەبن و بیرەکان بێ سەرپەرشت دەمێننەوە."
ئامارەکانی ئاو لە سنووری راپەڕین:
85,000 هاوبەشی ئاو لە سنوورەکەدا هەن.
400 بیری ئاو پێویستیان بە ئیشپێکردنی رۆژانە هەیە.
سەروو 5,000 قوفڵی ئاو هەن کە بە شێوەی دەستی رۆژانە دەکرێنەوە و دادەخرێن.
5 پڕۆژەی سەرەکیی پاڵاوتنی ئاو هەن کە دەوامیان 24 کاژێرییە.
69 فەرمانبەر تەنیا لە دوو ساڵی رابردوودا خانەنشین بوون.



