رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری پارێزگای دهۆک، کارکردن لە دەیان پرۆژەی ستراتیژی، ناوخۆیی و گوندەکانی سنوورەکە بەردەوامە و بەشێکی بەرچاویان لە قۆناخی کۆتاییدان. جێگری بەرێوەبەری گشتیی ئاوەدانکردنەوەی دهۆک رایدەگەیێنێت، "پێش دەستپێکردنی وەرزی بارانبارین ئامادەکاریی تەواو کراوە و لەم کابینەیەدا زۆرترین گرنگی بە رێگەی گوندەکان دراوە."
ئەندازیار رێدیر سلێمان، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی پارێزگای دهۆک لە لێدوانێکدا بۆ بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو گوتی، "لە سنووری پارێزگای دهۆک کارێکی زۆر باش لە کەرتی رێگەوباندا کراوە و لە وەرزی هاویندا هەوڵ دراوە زۆرترین کار بۆ پرۆژەکان بکرێت پێش ئەوەی وەرزی بارانبارین دەستپێبکات."
سەبارەت بە پرۆژە ستراتیژی و سەرەکییەکانی سنوورەکە، رێدیر سلێمان ئاماژەی بەوە کرد، جووتسایدی شێخان - باعەدرێ بە درێژایی 8 کیلۆمەتر، تەواوکردنی گەیشتووەتە نزیکەی 99% و لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بە رووی شۆفێراندا دەکرێتەوە. هەروەها پرۆژەی جووتسایدی ئێتیت - باعەدرێ، کە شەقامێکی ستراتیژیی گرنگە، بەهۆی زیادکردنی بڕگەی نوێ و گۆڕانکاری لە دیزاینەکەیدا پرۆژەکە فراوانتر کراوە و ئێستا زیاتر لە 80%ـی کارەکانی تەواو بووە.
بەڵام سەبارەت بە جووتسایدی بەردەرەش – هەولێر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانکردنەوەی دهۆک گوتی، "هەرچەندە سەرجەم کێشە تەکنیکی و دیزاینەکانی چارەسەر کراون، بەهۆی پێویستی بە بودجەی زۆر و کێشەی نەبوونی نەختینە راگیراوە."
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی پارێزگای دهۆک گوتیشی: "لە سنووری قەزاکانی ئاکرێ، بەردەرەش و ناوچەکانی دیکەش، چەندین پرۆژەی گرنگ لە قۆناخی جێبەجێکردندان، لەوانە رێگەی (پیربۆ) بۆ فڕۆکەخانەی سەربازی لە گوندی (سێلکا) بە درێژایی 13.5 کیلۆمەتر زیاتر لە 43%ـی جێبەجێ کراوە، پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی دووڕیانی (خنس) بەرەو (مرێبا) بە درێژایی زیاتر لە 3.6 کیلۆمەتر، کارەکانی لە 65% تەواوبووە. هاوکات لە گوندی (گەرەگۆ )کار لەسەر رێگەیەکی 3 کیلۆمەتری دەکرێت تاوەکو پێش بارانبارین قیر بکرێت و کارکردن لە رێگەی گوندی (سوارە تووکە) بۆ گەربەڕەسکێ بەردەوامە.
گوتیشی: جگە لەوانە، پرۆژەی رێگاکانی ناوخۆی گوندی (گێربدەو) لە ئاکرێش گەیشتووەتە 55%. لە قەزای بەردەڕەشیش، دروستکردنی چەند ئاوبارەیەک لە گوندەکانی (زەنگەنان) و (دارەتوو) زیاتر لە 65%ـی تەواو بووە، لە کاتێکدا چاککاری لە رێگەی سەرەکیی بەردەرەش - کەڵەک لە قۆناخی کۆتاییدایە و کارکردن لەسەر رێگەی سەرەکیی روڤیا - بەردەڕەشیش بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەوە دەستی پێ کردووە.
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانکردنەوەی دهۆک ئاشکراشی کرد، ئێستا ژمارەیەک پرۆژەی دیکە لە قۆناخی تەندەردان کە زۆربەیان پرۆژەی رێگەی گوندەکانن و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.
جەختی کردەوە، ئامانجیان ئەوەیە سەرجەم رێگاکان لەبری 'دەبڵ درێس' بە تەواوی قیر بکرێن، هەروەها زۆربەی هەرە زۆری ئەو رێگایانەی پێویستیان بە چاککردنەوە بووە نۆژەن کراونەتەوە.
لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ پێشگیری لە لافاو و وەرزی بارانبارین، رێدیر سلێمان روونیکردەوە کە تیمەکانی چاککردنەوە لە دهۆک و ئاکرێ بەسەر هەموو ناوچەکاندا دابەش کراون و سەرجەم پرد، ئاوبارە، کەناڵ و رێرەوەکانی ئاویان پاک کردوونەتەوە، هەروەها چاودێریی بەردەوام دەکرێت بۆ ئەوەی لە کاتی بارانی بەخوردا هاتووچۆی هاونیشتمانییان پەکی نەکەوێت و رێگەوبانەکان تووشی داخوران نەبن.

