رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی ناحیەی بەکرەجۆ لە سلێمانی گلەیی لە دروستبوونی مەترسیی تەندروستی دەکەن بەهۆی ژنێکەوە کە خانوویەکی چۆڵی کردووەتە شوێنی کۆکردنەوەی کەلوپەل و پاشماوە. هاونیشتمانییان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو شوێنە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی جرج و مێرووی زیانبەخش و نەخۆشیی پێست. لە بەرامبەردا سەرۆکی لێژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بەڵێنی بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کێشەکە دەدات.
هونەر ئەحمەد، دانیشتووی گەڕەکی بەکرەجۆی کۆن، قسەی بۆ رادیۆی رووداو کرد و گوتی: "خاتوونێکی بەتەمەن لە گەڕەکەکەماندا خانوویەکی چۆڵی کردووەتە کۆگەی کۆکردنەوەی شتی کۆن و بێکەڵک. ئەو شوێنە پڕ بووە لە جرج و مێرووی زیانبەخش و ژیانی تاڵ کردووین؛ تەنانەت بەو هۆیەوە منداڵەکەم تووشی نەخۆشیی پێست بووە و پزیشک پشتڕاستی کردووەتەوە کە بەهۆی پێوەدانی مێرووەوە بووە."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتریش چەندین جار داواکارییان پێشکەش بە ئیدارەی ناحیەی بەکرەجۆ کردووە و لە ئێستاشدا داوا لە لێژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەکەن بێنە سەر هێڵ تاوەکو ئەو مەترسییە تەندروستییە لەسەر گەڕەکەکەیان لاببەن.
بابان ئەحمەد، سەرۆکی لێژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو روونی کردەوە کە بەردەوام بەدواداچوون بۆ کەیسی هاوشێوە دەکەن و گوتی: "لە ماوەی رابردوودا 2 کەیسی هاوشێوەمان هەبووە و هەردووکیانمان بە یارمەتیی شارەوانی پاک کردووەتەوە و لابراون."
سەرۆکی لێژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی جەختی کردەوە کە بەدواداچوونی بۆ دەکەن و هەر دیاردەیەکی لەو شێوەیە هەبێت و خەڵک نیگەران بکات، لێپێچینەوە دەکەن. هاوکات، رەفعەت محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی بەکرەجۆ لە سلێمانی، بە رادیۆی رووداو گوتی کە بەدواداچوون بۆ سکاڵای هاونیشتمانییان لەبارەی ئەو شوێنەوە دەکەن تاوەکو چیدیکە ئەو مەترسییە نەمێنێت.

