رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بڕیاری فەرمی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆتایی مانگی رابردوو دوایین کات بوو بۆ لێخۆشبوون لە بەشێکی پارەی سزاکانی هاتووچۆ، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار دەڵێن، لێخۆشبوونەکە بەردەوام دەبێت.
دوای چەند جارێک نوێکردنەوە، شوباتی ئەم ساڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داشکاندنی 20%ـی پارەی سزاکانی هاتووچۆ، تاوەکو 30-06-2026 بەردەوام دەبێت.
موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی گەرمیان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەروی خۆمان ئاگاداری کردینەوە، کە بەردەوام بین لە داشکاندنی 20%ـی پارەی سزاکانی هاتووچۆ".
بەگوێرەی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران، دەبوو لە 01ـی ئەم مانگەوە لێخۆشبوونی پارەی سزای هاتووچۆ کۆتایی بێت، بەڵام وەکو موقەدەم سامان باسی دەکات، بە نووسراوی فەرمی نەکۆتایی هاتووە و نە درێژیش کراوەتەوە.
گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان گوتی: "ئەوەی هەیە بە ئێمە گوتراوە، بەردەوام بین لە داشکاندنی پارەی سزای هاتووچۆ تاوەکو ئەو کاتەی وەزارەتی ناوخۆ بە نووسراوی فەرمی دەڵێت داشكاندنەکە رابگرن".
هەروەها سەرچاوەیەک لە هاتووچۆی سلێمانی بە رووداوی گوت، داشکاندنی 20% لە پارەی سزای هاتووچۆ بەردەوام دەبێت، تاوەکو وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری نوێ دەردەکات.
لێخۆشبوونەکە هەموو سزاکانی هاتووچۆ دەگرێتەوە، ئەگەر شۆفێرێک 100 هەزار دینار پێبژاردنی سەرپێچییەکانی لەسەر بێت، ئەوە 80 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت.

