رووداو دیجیتاڵ
خەڵکی گوندی داڵداغانەی سەر بە پارێزگای هەولێر بەهۆی بڕانی بەردەوامی کارەبای نیشتمانی و نەمانی موەلیدەی ئەهلی لە دۆخێکی سەختدان؛ دانیشتوویەکی گوندەکە دەڵێ: "کەمیی کارەبا کێشەی ئاویشی بۆ دروست کردووین." هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کارەبا رایدەگەیێنێت بەهۆی گەرماوە بەرهەمهێنان کەمبووەتەوە و ناتوانن کاتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە دیاری بکەن.
ستار عوسمان، دانیشتووی گوندی داڵداغان لە سنووری ناحیەی شەمامک لە پارێزگای هەولێر، بە رادیۆی رووداوی گوت: "گوندەکەمان زیاتر لە 100 ماڵە، خەڵکەکەی خەریکی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین. لە دوای ئەوەی کارەبای سنوورەکە بووە 24 کاژێری، خاوەنی موەلیدەی ئەهلیی گوندەکە موەلیدەکەی فرۆشت، بەڵام لە ئەمساڵەوە کێشەی کارەبامان هەیە و لە دۆخێکی زۆر خراپداین."
ئەو دانیشتووەی گوندی داڵداغان ئاماژەی بەوەش کرد، کارەبای نیشتمانی لە سنوورەکەیان جێگیر نییە و "وەکو ترافیکی لێهاتووە، شەوانە چەند کاژێرێک دێت و دەبڕێ، هەندێک کاتیش کاژێر 12ـی شەو دێتەوە." دەشڵێت: "منداڵی بچووکمان هەیە و لە دۆخێکی زۆر سەختداین، بەم گەرمایە ژیانمان نەماوە. ئەوانەی توانای داراییان هەیە سیستمی سۆلاریان داناوە، بەڵام ئەوەی وەکو ئێمە توانای نییە، لە گەرما کات بەڕێ دەکات."
بە گوتەی ستار عوسمان، بەهۆی ئەوەی بیرەکانی ئاو بە کارەبا کار دەکەن، کەمیی کارەبا بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی کەمئاوی لە گوندەکەدا.
لەسەر ئەم بابەتە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی گەرمای هاوینەوە، بەرهەمهێنانی کارەبا بە رێژەی 25٪ کەمبووەتەوە، کە ئەمەش کێشەیەکی ستاندارد و تەکنیکیی ئامێرەکانە لەم وەرزەدا."
سەبارەت بە کاتی چارەسەرکردنی کێشەکە، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد: "بەردەوام لەسەر هێڵین و کار دەکەین بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و باشترکردنی دۆخەکە، بەڵام بەهۆی وردەکارییە تەکنیکییەکانەوە ناتوانین کات و رۆژێکی دیاریکراو بۆ چارەسەرکردنی تەواوەتیی کێشەکە رابگەیێنین."
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی کارەبا جەختیشی کردەوە کە "شەو و رۆژ لەگەڵ هاووڵاتییان لەسەر هێڵین و دڵنیاییان دەدەینێ کە خەریکی چارەسەرکردنی بابەتەکەین."


