رووداو دیجیتاڵ
لە شاری هەولێر، بەشێک لە هاوبەشانی نوێی کارەبا و ئەوانەی پێوەری زیرەکیان بۆ بەستراوە، ماوەی شەش بۆ حەوت مانگە پسوولەی مانگانەیان بۆ ناگەڕێتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی بڕە پارەیەکی زۆر لەسەریان و دروستبوونی بارگرانی بۆ خێزانەکان، بەتایبەت کرێنشینان.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، هاووڵاتییان دەڵێن ئەگەر مانگانە پسووڵەی 20 بۆ 30 هەزار دیناریان بۆ بێتەوە بە ئاسانی دەتوانن بیدەن، بەڵام کاتێک بۆ چەندین مانگ دوادەکەوێت و پارەکە دەگاتە 500 بۆ 600 هەزار دینار، دانەوەی بەیەکجار لە توانای زۆر لە هاونیشتمانییان بەدەرە، هاوکات کاتێک سەردانی فەرمانگەکانیش دەکەن تووشی رۆتین و نۆرەگرتنی زۆر دەبن.
تیمی پڕۆژەی 'رووناکی' لەبارەی هۆکاری نەگەڕانەوەی پسوولەکان بە رووداوی راگەیاند: "ناکرێت هۆکارەکە بە گشتی دیاری بکرێت؛ هەندێک لە هاوبەشە نوێیەکان پێویستیان بەوەیە تیم بە مەیدانی سەردانیان بکات بۆ وەرگرتنی خوێندنەوەی سەرەتایی، بەشێکی دیکەشیان کێشەی تەکنیکی لە پێوەرەکانیاندا هەیە و ناتوانن داتاکان بنێرنە نێو سیستەم، بۆیە پێویستە بەپێی ژمارەی هاوبەش بەدواداچوونیان بۆ بکرێت."
بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی پسوولەکان بۆ ئەو خێراییە زۆرە دەگەڕێتەوە کە لە پرۆسەی جێبەجێکردنی کارەبای 24 کاژێریی پڕۆژەی رووناکیدا کراوە.
ئەو بەرپرسەی کارەبا روونیکردەوە: "بەهۆی ئەوەی لە ماوەیەکی کەمدا لە تەواوی هەولێر پێوەرەکان بەستراون و گۆڕدراون، لۆد و گوشارێکی زۆر لەسەر سیستەمی ئەلیکترۆنیی داتاکان دروستبووە. بۆیە بەشێک لە پسوولەکان کاتیان پێدەچێت، بەڵام مافی کەس نافەوتێت."
سەبارەت بە چارەسەریش، بەرپرسەکەی کارەبا دڵنیایی دا کە هەر هاووڵاتییەک کێشەی دواکەوتنی پسوولەی هەبێت دەتوانێت راستەوخۆ سەردانی یەکەکانی فرۆشتنی وزە بکات، تاوەکو بە شێوەی تاکەکەسی پشکنین بۆ پێوەرەکەی بکرێت و دۆسیەکەی بە پەلە رەوانەی تیمی پڕۆژەی رووناکی بکرێت بۆ یەکلاکردنەوەی.

