رووداو دیجیتاڵ
لە سلێمانی نزیکەی 60 منداڵ لە خانەکانی بێسەرپەرشتان دەمێننەوە و 12 منداڵیان تەمەنیان کەمترە لە چوار ساڵ، زۆرینەی ئەو منداڵانەش باوک و دایکیان نادیارن و ناسنامەیان نییە.
ئەمڕۆ 9ـی تەمووزی 2026، هێمن محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی، لەکاتی بەشداریکردنی هەواڵەکانی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید لە ستودیۆکانی رووداو لە سلێمانی پێشکێشی دەکات، لەبارەی منداڵانی خانەی بێسەرپەرشتان گوتی، "ژمارەی ئەو منداڵانەی لە خانەکانی بێسەرپەرشتان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، ئێستا نزیکەی 60 منداڵ لە خانەکان دەمێننەوە، کە 12 منداڵیان تەمەنیان کەمترە لە چوار ساڵ، یەکێک لە منداڵەکانیش تەمەنی هەفتەیەکە، کە لە شوێنێک جێهێڵدراوە و پۆلیس گەیاندوویەتییە خانەکانی بێسەرپەرشتان".
لە ماڵی ساوایان چوار کوڕ و هەشت کچ دەمێننەوە، هێمن محەممەد دەڵێت، "دۆسیەی منداڵەکان جیاوازن، بەشێکیان منداڵی دۆزراوەن، سێ منداڵمان بەهۆی کێشەی خێزانییەوە هێنراونەتە خانەکانی بێسەرپەرشتان، بەڵام ئەوانی دیکە منداڵی ناشەرعی بوون و پەیوەندییان بە کێشە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەبووە و هێنراونەتە خانەکان و باوک و دایکیان نادیارن".
جێگری بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتیی سلێمانی دەڵێت، "لە رابردوودا منداڵ هەبووە، هێنراوەتە خانەکانی بێسەرپەرشتان، کە دوای پشکنین بۆمان دەرکەوتووە نەخۆشە، ئیتر نازانین بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە جێهێڵدراوە یان هۆکارێکی دیکەی هەبووە، ئێستاش منداڵمان هەیە تەمەنی شەش مانگە نیوەی ژیانی لە نەخۆشخانەکان خەوێنراوە، ئەمەش ئەرکێکی قورسە بۆ ئێمە کە دەبێت بەردەوام کارمەندێکمان لە نەخۆشخانە چاودێری بکات، لەکاتێکدا خۆمان کێشەی کەمی کارمەندی پێویستمان هەیە".
لە خانەی منداڵانی ساوایانی سلێمانی کە 12 منداڵ دەمێننەوە، شەش فەرمانبەری گرێبەست کارەکانیان رایی دەکەن، هێمن محەممەد دەڵێت، "ناتوانین کارمەندی دیکە لەم دۆخەی ئێستادا دابمەزرێنین، بەڵام کەسانی خێرخواز زۆر هاوکاری خانەکانمان دەکەن".
یەکێک لە کێشەکانی منداڵانی خانەکانی بێسەرپەرشتان نەبوونی ناسنامەیە، هێمن محەممەد دەڵێت، "ئەو منداڵانەی دەدۆزرێنەوە، لە رێگەی دادگەی نەوجەوانانەوە، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان دەکرێت، دواتر منداڵەکان دەبەخشرێت بەو خێزانانەی منداڵ لە خۆدەگرن و لەسەر ناسنامەی ئەو خێزانانە ناسنامەیان بۆ دەردەکرێت، بەڵام ئەگەر خێزانێک نەبوو منداڵەکە وەربگرێت، ئەو منداڵانە بەبێ ناسنامە دەمێننەوە، کە ئێستا منداڵ هەیە لە خانەکانمان هیچ ناسنامەیەکیان نییە، بەڵام توانراوە خوێندنیان بۆ دابین بکرێت، بەڵام دوای 18 ساڵی کێشەیان بۆ دروست دەبێت، چونکە ناتوانن هیچ کارێکیان بۆ رایی بکرێت".
هێمن محەممەد باسی لەوەشکرد، ئەگەر خێزانێک بیەوێت منداڵێک لە خۆبگرێت لە چوارچێوەی پڕۆژەی خێزانی جێگرەوە، دەبێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی بکات، کۆڵێک رێکار دەگیرێتەبەر بۆئەوەی منداڵەکە بدرێتە خێزانەکە، کە تێیدا مافی خێزانەکە و منداڵەکە پارێزراو دەبێت، دواتر بە رێککەوتنێک منداڵەکە دەدرێتە خێزانەکە و بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتی بەردەوام چاودێریی پرۆسەی پەروەردەکردنی منداڵەکە لەنێو خێزانەکە دەکات.


