رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە مانگێکە بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان کەمی کردووە، ئەوەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا لە بەشێک لە ناوچەکان و دروستبوونی لۆدێکی زۆر لەسەر تۆڕەکان. بەرپرسانی کارەبا ئاماژە بەوە دەکەن، کە خواست زیادی کردووە و لە هەندێک شوێنیش کێشەی تەکنیکی رێگرە لە بەردەوامیی کارەبای 24 کاژێری.
15 وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان هەن؛ چوار لە پارێزگای هەولێر، چوار لە پارێزگای دهۆک و حەوتیان لە پارێزگای سلێمانین. کە بە گازی سروشتی، گازوایل، هایدرۆ پاوەر، نەوتی رەش و گازی بەفیڕۆچوو لە بیرەکانی نەوت کار دەکەن.
هەولێر، سۆران، دهۆک: بەرهەمهێنان کەمی کردووە
سەرچاوەیەک لە پارێزگای هەولێر لەبارەی دۆخی گشتیی کارەبا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کارەبا نەک تەنیا لە هەولێر، بەڵکو لە هەموو کوردستان کەمی کردووە، ئەوەش بە بەردەوام نییە و چەند کاژێرێکە. لایەنی پەیوەندیدار لە هەوڵدان چاکی بکەن و چارەسەری بۆ بدۆزنەوە، بەڵام خواست لەسەر کارەبا زیادی کردووە و بەرهەمهێنان کەمی کردووە."
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە یەکێکە لەو شوێنانەی سیستمی کارەبای 24 کاژێری تێدا جێبەجێ کراوە، لەم ماوەیەدا تووشی پچڕان بووە. ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە رووداوی گوت: "کارەبا لە ئیدارەی سۆرانیش کەم بووەتەوە، هەموو ئیدارەکە کارەبای 24 کاژێرییە، بەڵام رۆژانە 5 بۆ 6 کاژێر کارەبا نییە."
لەبارەی هۆکارەکەی ئەردەوان ئیبراهیم گوتی: "هیچیان پێ نەگوتووین و نازانین هۆکار چییە، جیا لەوەش لۆد شێدینگ لەسەر کارەباکە هەیە."
تاوەکو ئەمڕۆ کارەبای 24 کاژێری گەیێندراوەتە زیاتر لە 90%ـی کۆی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.
دهۆک؛ خواست گەیشتووەتە 830 مێگاوات و کێشەی ڤۆڵتییە هەیە
لە پارێزگای دهۆک، جیاوازی لە نێوان ئەو گەڕەکانە هەیە کە پڕۆژەی (رووناکی) دەیانگرێتەوە لەگەڵ ناوچەکانی دیکە. شەعبان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای دهۆک بە رووداوی گوت: "کارەبا کەمی کردووە بەڵام دۆخەکە زۆر خراپ نییە، ئەوانەی لەناو پڕۆژەی رووناکیدان رۆژانە نزیکی 21 کاژێر کارەبایان هەیە و سێ کاژێر رۆژانە کارەبا نییە، ئەوانەی لە دەرەوەی پڕۆژەکەشن رۆژانە 13 بۆ 14 کاژێر کارەبایان هەیە."
بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای دهۆک ئاماژەی بە کێشەیەکی دیکە کرد و گوتی: "ئێمە کێشەی ڤۆڵتمان هەیە چونکە بەرهەممان کەمی کردووە ڤۆڵت دێتە خوارەوە، بەهۆی وەرزی هاوین لۆد زۆر بووە. ئێمە 600 مێگاواتمان بۆ دێت، کە خواست لە 1-7-2026 نزیکەی 770 مێگاوات بوو، ئەمڕۆ گەیشتووەتە 830 مێگاوات بە تێکڕا، بەرزترین ئاستیشی دەگاتە نزیکی 930 مێگاوات، کە ئەمەش کەمە لەچاو بەرهەمەکەی."
شەعبان ئیبراهیم باسی باشتربوونی دۆخەکە دەکات و دەڵێت: "ئێستا کار دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی بڕی بەرهەمەکە و یەکەیەکی (وەحدەیەکی) نوێ لە دهۆک دانراوە، هەندێک کێشەی تەکنیکی هەیە، چارەسەر بکرێن لە رۆژانی داهاتوو کارەبا باش دەبێتەوە."
سلێمانی و هەڵەبجە: هیچ کێشەیەکی کارەبامان نییە
بە پێچەوانەی هەولێر و دهۆک، بەرپرسانی کارەبای سلێمانی دەڵێن رەوشەکە لای ئەوان جێگیرە. سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رەوشی کارەبا لە سلێمانی باشە و هیچ کێشەیەکی نییە، 75%ـی سلێمانی بەشداریی کردووە لە پڕۆژەی رووناکی، ئەو بەشە کارەباکەی 24 کاژێرییە و هیچ کێشەیەکی پچڕان و کەمبوونی کارەبا لای ئێمە دروست نەبووە."
لەبارەی ئەو ناوچانەی هێشتا نەبوونەتە 24 کاژێری، سیروان محەممەد گوتی: "هەندێک قەزا و ناحیە ماون کە کارەبایان بکرێتە 24 کاژێری، ئەوانیش سەیدسادق، دەربەندیخان، دووکان، بازیان و چەمچەماڵن."
پارێزگای هەڵەبجە لە باشترین دۆخی کارەبادایە. سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو پارێزگاکەمان کارەبای 24 کاژێرییە و هیچ کێشەیەکی نییە، کارەبامان 24 کاژێر هەیە، هیچ دۆخێکی پچڕان رووینەداوە و تاوەکو ئەمڕۆ ئاساییە."
سەرەڕای دەستپێکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژەی (رووناکی) بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری، بەڵام هێشتا لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان پچڕانی کارەبا بەردەوامە، زۆرێک لە خێزانەکان بۆ دابینکردنی کارەبای جێگرەوە پشت بە موەلیدە ئەهلییەکان دەبەستن.
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ گوتی، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کەرتی کارەبا گۆڕانکارییەکی گەورەی بەخۆوە بینیوە، بە جۆرێک هەزار و 974 مێگاوات کارەبای نوێ بەرهەم هێنراوە و نزیکەی چوار هەزار پڕۆژەی جۆراوجۆریش لە بوارەکانی گواستنەوە و دابەشکردن جێبەجێ کراون.
پڕۆژەی رووناکی لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندرا. ئامانجی پڕۆژەکە دابینکردنی کارەبای 24 کاژێرییە بۆ تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026، هەموو ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان لەم سیستمە سوودمەند بن.
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
