رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گەڕەکی کوێستان لە هەولێر باس لە شکانی بۆرییەکی سەرەکیی ئاو دەکەن و دەڵێن، بەو هۆیەوە بڕێکی زۆر ئاو بەفیڕۆ دەچێت؛ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێریش رایدەگەیێنێت، تیمەکانیان گرفتەکەیان چارەسەر کردووە.
عەباس شاکر، دانیشتووی گەڕەکی کوێستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ماوەی 15 رۆژە بۆرییەکی سەرەکیی ئاوی خواردنەوە لە گەڕەکەکەمان، بە دیاریکراوی لە نزیک شەقامی 100 مەتری شکاوە و بڕێکی زۆر ئاو بەفیڕۆ دەچێت."
ئەو هاووڵاتییە ئاماژەی بەوەش کرد، سێ رۆژە بەهۆی ئەو شکانەوە تووشی کێشەی کەمئاویی بوون و سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، تاوەکو ئێستا کێشەکەیان بۆ چارەسەر نەکراوە.
رادیۆی رووداو پەیوەندیی بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێرەوە کرد. ئەندازیار شوان حەمەڕەئووف، جێگری بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر رایگەیاند: "هیچ شکانێک لەو شوێنەی گەڕەکی کوێستان نەماوە؛ تیمەکانی چاککردنەوە لەوێ بوون و تەواوی ئیشەکانیان کردووە و گرفتەکە کۆتایی هاتووە."
جێگری بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر روونیکردەوە، ئەو کەمئاوییەی دروست ببوو، پەیوەندیی بە کێشەیەکی دیکەوە هەبووە لە نزیک نەخۆشخانەی لەدایکبوون و گوتی: "لەوێ بووستەرێکی ئاومان هەبوو کە تێکچووبوو، بەڵام هەر ئەمڕۆ تیمەکانمان چاکیان کردووە و کێشەکە چارەسەر کراوە؛ هەر ئەمڕۆش ئاو دەگاتەوە دەستی ئەو هاووڵاتییانەی ئاویان بڕابوو."
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
