رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی هەوڵی دەستگیرکردنی ئەو کەسە دەدات، کە لە دووکان دارێکی تەمەن 300 ساڵانی بڕییەوە؛ بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، لە شوێنەکە ئۆتۆمبێلێک لە کامێرای چاودێری دەرکەوتووە و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێ.
رۆژی چوارشەممە، 08-07-2026، عەمید هێمن کەمەرخان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێشتا لەسەر بڕینەوەی دارە تەمەن 300 ساڵانەکەی سنووری قەزای دووکان هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە و بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنی سەرپێچیکارەکە بەردەوامە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی گوتی، تەنیا سەرەداوێک کە بەدەستیانەوەیە، دەرکەوتنی ئۆتۆمبێلێکە لە جۆری پیکاب لە نزیک شوێنی بڕینەوەی دارەکە، "بەڵام تاوەکو ئێستا بابەتەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، بۆ ئەوەی بزانین شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلە پەیوەندی بە بڕینەوەی دارەکە هەیە یان نا."
عەمید هێمن کەمەرخان هۆشداری دەدات، رێکاری توندی یاسایی بەرامبەر هەر سەرپێچیکارێک دەگرنەبەر کە هەوڵی تێکدانی ژینگە و دارستان دەدات.
دوێنێ سێشەممە لە گوندی کانی خان لە ناحیەی سوورداشی قەزای دووکان، کەسێک بە مەبەستی دەرهێنانی شانەیەکی هەنگوین، دارێکی تەمەن 300 ساڵانی بڕییەوە و دەستبەجێ بە بڕیاری دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو.
عەمید هێمن کەمەرخان ئاماژەی بە کاروچالاکییەکانی شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵی بەڕێوەبەرایەتییەکەی کرد و گوتی، لەو ماوەیەدا بەهۆی راوی ماسی، ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، خەڵووزکردن، زێدەڕۆیی، پیسکردنی ژینگە، بیرلێدان، داربڕین و ئاگرکەوتنەوە، 388 سەرپێچیکار دەستگیر کراون.
وەک بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەڵێت، هەر لەو ماوەیەدا، لانیکەم دەستیان بەسەر پێنج چەکی جۆری تاپڕ، کڵاشینکۆفێک، دوو دەمانچە و چوار چەکی جۆری (بادی و ساچمەزەن)ـدا گرتووە.
عەمید هێمن کەمەرخان ئەوەشی خستەڕوو، دەستیان بەسەر چەندین کەلوپەلی دیکەی تایبەت بە راوکردندا گرتووە، لەوانە دووربین، قەفەس، لایت، تۆڕ و داوی راوکردن.
هاوکات پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی پێنج ئاژەڵی کێویی زیندوو، ئاژەڵێکی کێویی راوکراو، 25 باڵندەی کێویی راوکراو و 40 باڵندەی کێویی زیندوویان لە سەرپێچیکارانی ژینگەیی سەندووەتەوە.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
