رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داواکاریی کەسوکاری بەشێک لە خوێندکارانی پۆلی نۆی بنەڕەتی بۆ پێدانی نمرەی هاوکاریی زیاتر رەتدەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، "هەموو خوێندکارێک هاوکاری کراوە."
د. سەیوان فەرەج، بریکاری وەزارەتی پەروەردە و سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەزموونەکان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، وەزارەت لێبووردەیی و هاوکاریی زۆری پێشکەش کردووە و گوتی: "تەواوی ئەو نمرانەی کە 46، 47، 48 و 49 بوون، کراونەتە 50؛ تەنانەت ئەگەر خوێندکارێک لە یەک وانەشدا کەوتبێت و نمرەکەی 35 یان 40یش بووبێت، بۆمان کردووە بە 50."
بریکاری وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد، ئەو نمرانە بە مەبەستی هاوکاریی خوێندکاران بووە و روونیکردەوە: "ئەگەر خوێندکارێک لە حەوت وانەدا کەوتبێت و نمرەکانی 46 بووبن، هەموویان کراونەتە 50. ئەمە بەو مانایەیە کە خوێندکار هەیە بە کۆی گشتی 28 نمرەی هاوکاری پێدراوە."
سەبارەت بە ئەگەری پێدانی نمرەی زیاتر، د. سەیوان فەرەج جەختی کردەوە: "لەوە زیاتر نمرە بدرێت، بەهای زانستی بۆ پرۆسەی ئەزموونەکان نامێنێت."
لەبارەی تانەکانیشەوە، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەزموونەکان باسی لەوە کرد، کە وەزارەت بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ بەڕێکردنی پرۆسەی ئەزموونەکان و لە چەند رۆژی داهاتوودا پرۆسەی پێداچوونەوە بە تانەکان بەردەوام دەبێت.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)