رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای هەولێر داوا لە خاوەن موەلیدەکان دەکات لەکاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا، کار بە موەلیدەکان بکەن و هۆشدارییش دەدات کە هەر کەسێک پابەند نەبێت، شوێنەکەی لێوەردەگیرێتەوە و سزا دەدرێت.
ماوەیەکە بەشێک لە دانیشتووانی هەولێر و دەوروبەری گلەیی لە کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی دەکەن، ناڕازین لەوەی بەشێک لە خاوەن موەلیدەکان کارەبایان پێنادەن.
محەممەد عەلی، دانیشتووی گوندی داڵداغان لە سنووری پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "خاوەنی موەلیدەی گوندەکەمان موەلیدەکەی فرۆشتووە؛ ئێستا لە کاتی پچڕانی کارەبای نیشتمانیدا، گوندەکە بە تەواوی بێ کارەبا دەمێنێتەوە."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، کارەبای نیشتمانی لە شەو و رۆژێکدا چەندین جار دەبڕێت، بەتایبەتی لە شەواندا، دوو بۆ سێ کاژێر بێ کارەبا دەبن.
سەرەڕای دەستپێکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژەی (رووناکی) بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری، بەڵام هێشتا لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان پچڕانی کارەبا بەردەوامە، زۆرێک لە خێزانەکان بۆ دابینکردنی کارەبای جێگرەوە پشت بە موەلیدە ئەهلییەکان دەبەستن.
لەسەر ئەم بابەتە، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکان بە رووداوی راگەیاند، خاوەن موەلیدەکانی نێو شار، قەزا و ناحیەکان ئاگادارکراونەتەوە لەکاتی پچڕانی کارەبای نیشتمانیدا، پێویستە موەلیدەکانیان ئیش پێبکەن و کارەبا بە هاوبەشان بدەن.
لە لایەکی دیکەوە، پارێزگای هەولێر ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی راسپاردووە، ئەگەر هەر خاوەن موەلیدەیەک پابەندی بڕیارەکانی لیژنە و ئەنجوومەنەکە نەبێت و کارەبا بە هاووڵاتییان نەدات، شوێنی موەلیدەکەی لەلایەن شارەوانیی ناوچەکەوە لێوەردەگیرێتەوە و شوێنەکەش پاکدەکرێتەوە. هەروەها خاوەن موەلیدەکان مافی ئەوەیان نییە بەبێ مۆڵەتی فەرمیی لیژنە و ئەنجوومەن، پارە لە هاوبەشانی موەلیدەکان وەربگرن.
بەپێی ئەنجامی راپرسییەکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، کە دەزگای ناوەندیی سەرژمێری لەسەر موەلیدە ئەهلییەکانی کەرتی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامی داوە، ژمارەی موەلیدە ئەهلییەکان گەیشتووەتە 48 هەزار و 533 موەلیدە.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
