رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر، تیروپشک بۆ دابەشکردنی زیاتر لە 3000 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و خاوەن زەوییەکاندا بەڕێوەچوو. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێ، هەردوو راژەی مەدەنی و سەربازیی فەرمانبەران دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 08-07-2026، لە سنووری قەزای خەبات بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، تیروپشک بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی سنووری قەزای خەبات کرا.
لە رێوڕەسمەکەدا ساسان عەونی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دابەشکردنی زەوییەکان 2600 فەرمانبەر لە هەردوو راژەی سەربازی و مەدەنی دەگرێتەوە.
بەگوتەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لە ماوەی رابردوودا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان هەنگاوی باش بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا نراوە و پڕۆسەکە بە خێرایی بەردەوامە.
ساسان عەونی ئاماژەی بەوەش کرد، هەر ئەمڕۆ خاوەن زەوییەکانیش لە سنووری قەزای خەبات کە زەوییەکانیان بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەراندا تەرخان کراوە، دوای تەواوکردنی پڕۆسە یاساییەکان، قەرەبوو دەکرێنەوە و زەوی وەردەگرن.
هاوکات لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا ئومێد خۆشناو گوتی، جگە لە فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی، وەک قەرەبوو تیروپشک بۆ دابەشکردنی 429 زەویش بەسەر خاوەن زەوییەکاندا دەکرێ.
دوێنێ، سێشەممە کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانییەکانی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، 82 هەزار فەرمانبەری پارێزگاکە لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن کە تاوەکو ئێستا 42 هەزاریان وەریانگرتووە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 27ـی ئاداری ئەم ساڵ بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێ 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشکە.



