رووداو دیجیتاڵ
وەرزی پێگەیشتنی هەنار دەستپێدەکات. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێ، کواڵیتی هەناری ئەم ساڵ زۆر باشە، بەڵام پێشبینی دەکرێ بەرهەم کەمتر بێت.
رۆژی یەکشەممە، 27 ئەیلوولی 2026، ستار مەحموود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "بەگوێرەی ئەو بەدواداچوونانەی کردوومانە، کواڵیتی هەناری ئەم ساڵ زۆر باشە، بەڵام بڕەکەی بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمترە".
بە گوێرەی کشتوکاڵی هەڵەبجە، ساڵانە نزیکەی 25 بۆ 30 هەزار تۆن هەنار لە پارێزگاکە بەرهەم دەهێندرێ، بەڵام ئەو بڕە بەگوێرەی کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا، بڕی بارانبارین و گەرمای هاوین گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
ستار مەحموود گوتی، لە وەرزی رابردووی باریندا بڕێکی زۆر باش باران لە پارێزگای هەڵەبجە باری؛ وەرزی هاوینیش زۆر گەرم نەبوو، ئەمەش وای کردووە هەنارێکی خۆش و باش بەرهەم بێت.
سەبارەت بە بڕی بەرهەمی ئەم ساڵ، کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێ، ناتوانن ژمارەیەکی دروست دیاری بکەن، بەو پێیەی شێوازی ساخکردنەوەی هەنار لە پارێزگای هەڵەبجە جیاوازە، بە جۆرێک بەشێک لە جووتیارەکان بەرهەمەکانیان لە نێوخۆی هەڵەبجە ساخ دەکەنەوە، بەشێکی دیکەیان هەناردەی عەلوەی سلێمانی دەکەن و بەشێکی دیکەشیان خۆیان لە شەقامەکان ساخی دەکەنەوە.
بە گوێرەی کشتوکاڵی هەڵەبجە، هۆکارێکی دیکەی دیارنەبوونی بڕی بەرهەمی هەنار دەگەڕێتەوە بۆ کردنەوەی ژمارەیەک کارگە لە پارێزگاکە، بەو پێیەی لەگەڵ لێکردنەوەی هەنار بە سەتان تۆن هەنار لەو کارگانە دەکرێنە شەربەت و رووبەهەنار.
لە هەمان کاتدا بەشی زۆری هاونیشتمانییانیش هەنار بۆ خۆیان هەڵدەگرن.
هاوکات بەرزان ئەحمەد، باخەوانی هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "بەرهەمی ئەم ساڵ و پاریش بەراورد بە ساڵانی پێشوو کەمترە. بۆ نموونە، باخەکەمان لە ساڵی 2024دا نزیکەی 15 بۆ 20 تۆن هەناری هەبوو، بەڵام ئەم ساڵ پێدەچێت 14 بۆ 16 تۆن بێت".
ئەو باخەوانە باسی لەوەشکرد، هەنار یەکێکە لەو میوانەی باران و کەشی فێنک کاریگەری لەسەر جۆرەکەی دەبێ، بەڵام تاوەکو بڕی باران زیاتر بێت و هاوینیش کەمتر گەرم بێ، بڕەکەی کەمتر دەبێ.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpeg&w=3840&q=75)