رووداو دیجیتاڵ
ساڵانە ئاوی زێی بچووک لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەگیرێتەوە و ئەمەش دەبێتەهۆی کەمئاوی لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین. بەرپرسانی ئەو ئیدارەیەی سنووری پارێزگای سلێمانی دەڵێن، "ئەم ساڵ بەهۆی بارانبارینی زۆری زستان و بەهارەوە، تاوەکو ئێستا کەم ئاویمان پێوە دیارنەبووە."
سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی تەممووزی 2026، بە رووداوی گوت، "گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لە لایەن ئێرانەوە لە ساڵی 2017ەوە بەردەوامە و ساڵانە کاریگەری لەسەر ئیدارەکەمان دادەنێت، بەڵام ئەم ساڵ باران زۆر بوو و تا ئێستا کاریگەریی نەبووە."
سەلام عومەر روونیکردەوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە بەربەستی کاتی دروست دەکەن تاوەکو ئاوەکە گلبدەنەوە. ئەم کارە لە رێگەی پڕۆژەی (ئاوی خاسی)یە کە لە رێگەیەوە ئاوی خواردنەوە بۆ هاونیشتمانییانی راپەڕین دابین دەکەن.
رێباز پیرۆت، سەرۆکی شارەوانییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، ئەمڕۆ چوارشەممە بە رووداوی راگەیاند، "پار لە راپەڕین، بێ ئاوی تەنگی بە هاونیشتمانییان هەڵچنی، ئەم ساڵیش ئەگەر ئێران بەو شێوەیە لە گرتنەوەی ئاوی زێیەکە بەردەوام بێت، وەک ساڵانی رابردوو تووشی کەمئاوی دەبین."
ڕێباز پیرۆت ئاماژەی بەوەشکرد، لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سەردەشت و کۆڵەسەییەوە لە گرتنەوە و بەردانەوەی ئاوەکەوە ئاگاداردەبنەوە، نەک لە رێگەیێکی فەرمییەوە.
سەرۆکی شارەوانییەکانی راپەڕین ئاماژەی بەوەش کرد، "خەڵک لەو گۆمانە دەکەونە سەر زێیەکە مەلەدەکەن، ئەگەر لە بەردانەوەی ئاوەکە ئاگادارنەبین مەترسیدارە، بۆیە بەردەوام بەدواداچوون بۆ ئەو لاپەرە فەرمییانە دەکەین کە لەو دیوی سنوورەکە ئاگاداری بڵاودەکەنەوە."
بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین لەم بارەوە گوتی، "چەند جار بە نووسراوی فەرمی داوامان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاوی سەردەشت و دەورووبەری کردووە کە بۆ گرتنەوە و بەردانەوەی ئاوەکە هاوئاهەنگیمان لەگەڵ بکەن، بەڵام لە وەڵامدا گوتوویانە، بابەتەکە لە تارانەوە کۆنترۆڵ دەکرێ و لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئێمەدا نییە."
بە گوتەی رێباز پیرۆت، "هۆکاری گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لە لایەن ئێرانەوە 80%ـی سیاسییە و %20ـی پێویستییە."
سەلام عومەر گوتی، زێی بچووک %20ی سەرچاوەی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت. گوتیشی، "لە راپەڕین رۆژانە نزیکەی کاژێرێک ئاو بۆ هاونیشتمانییان بەردەدرێتەوە."



